بزوتنەوەی حەماس بە ئاگربەست رازیبوو

جیهان پێش 2 هەفتە

لەلایەن: هەردی فارووق

Alternate Text

بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەکە قەتەر و میسڕی ئاگادارکردووەتەوە کە بە ئاگربەست رازی بوون.

ئەمشەوی دووشەممە، بزوتنەوەی حەماس لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ محەمەد عەبدولرەحمان ئالسانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر و عەباس کامل، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری میسڕ ئەنجامداوە و پێی راگەیاندوون کە بزوتنەوەکە رازی بووە بە پێشنیازی ئاگربەست.

ئیسرائیل وەڵامەکەی حەماسی بەدەستگەیشتووە

لەلایەکی دیکەشەوە، کەناڵ 12ی ئیسرائیلی رایگەیاند کە تیمی دانوستانی ئیسرائیل وەڵامەکەی حەماسیان بەدەستگەیشتووە و لە ئێستادا تاوتوێ دەکرێت بۆ وەڵامدانەوەی بە فەرمی.

ئاگربەستەکە بە سێ قۆناغ ئەنجامدەدرێت

بەپێی کەناڵی الجزیرة کە لە زاری سەرچاوەکانەوە دەستیکەوتووە، پێشنیازی ئاگربەست خۆی لە سێ قۆناغدا دەبینێتەوە، کە هەر یەکەیان ماوەی 42 رۆژ بەردەوام دەبن، کە قۆناغی یەکەم خۆی دەبینێتەوە لەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە سەنگەری نەتساریم بکشێنەوە و رێگە بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بدرێت.

هەروەها، لە قۆناغی دووەمیشدا بەپێی پێشنیازەکە، دەبێت تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بکشێنەوە، لە قۆناغی سێیەمیشدا ئابڵوقەی سەر کەرتەکە بە تەواوی کۆتایی پێبهێندرێت.

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئیسرائیلییەوە رایگەیاندووە کە پێشنیازەکانی حەماس بۆ ئاگربەست سازشی زۆر بۆ ئیسرائیل لە خۆدەگرێت و زەحمەتە پێوەی پابەند بن.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا