ئەنگێلا مێرکڵ راوێژکاری ئەڵمانیا، سەرۆکی
یەکێتی کریستیانی دیموکراتی، ناوی تەواوی ئەنگێلا دۆرسیا مێرکڵە، لە ١٧ی تەمموزی
١٩٥٤ لە شاری هامبۆرگ لەدایکبووە.
مێرکڵ تا ساڵی ١٩٨٩ خۆی لە سیاسەت بە دوور
گرتووە، لەنێوان ساڵانی (١٩٧٣-١٩٧٨)پسپۆڕیی لە زانستی فیزیا وەرگرتووە، دواتر زمانی
رووسی و بیرکاری خوێندووە، لەساڵی ١٩٩٠ دکتۆرای لە زانستی کیمیادا وەرگرتووە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بۆچی ئەو زانستانەی
هەڵبژاردووە؟ مێرکڵ باسی لەوەکردووە، چونکە دەسەڵاتدارانی ئەو کاتی ئەڵمانیای
رۆژهەڵات دەستیان لە هەموو کارێک وەرداوە زانستە سروشتییەکان نەبێت.
یواخیم زاور هاوسەرە جولەکە شاراوەکەی مێرکڵ
ئەنگێلا مێرکڵ لەساڵی ١٩٩٨ هاوسەرگیری لەگەڵ
یواخیم زاور، زانای بواری کیمیا و هەڵگری خەڵاتی نۆبڵ کردووە.
هاوسەرەکەی مێرکڵ جولەکەیە و کەمترین دەرکەوتنی هەیە، تەنانەت لە
چاوپێکەوتنەکانیشدا خۆی نزیک ناکاتەوە لە بابەتە تایبەتیەکانی ژیانی.
بە وتەی مێرکڵ لەگەڵ هاوسەرەکەی کەمترین باسی
سیاسەت دەکەن، حەز دەکەن بەیەکەوە گەشت بکەن، سروشت بگەڕێن گوێ لە ئۆپێرا بگرن و
سەیری یاری تۆپی پێ بکەن.
میركڵ تا ئێستا نەبۆتە دایک، بەڵام زاور لە
هاوسەری پێشووی دوو کوڕی هەیە.
لەگەڵ هاوسەرگیریکردنەوەی بۆ جاری دووەم،
راوێژکاری ئەڵمانیا هێشتا نازناوی هاوسەری یەکەمی هەڵگرتووە کە ناوی ئۆرلیخ میرکڵ
بوو و لەساڵی ١٩٨١ لەیەکتر جیابوونەوە.
سەرەتای ژیانی سیاسی
مێرکڵ لەساڵی ١٩٨٩ پەیوەندی بە حیزبی
هەستانەوەی دیموکراتەوە کرد، لەدوای رووخانی دیواری بەرلینیش پێشنیاری گرتنە دەستی
پۆستی وتەبێژی حکومەتەکەی لۆسەر دی مایتسیری بۆ کرا و قبوڵی کرد.
لەساڵی ١٩٩٤ مێرکڵ لە حکومەتەکەی هێڵموت کوڵ
کرایە وەزیری ژنان و گەنجان.
دەوترێت مێرکڵ هێندە جێگەی خۆی لای راوێژکاری
ئەوکاتی ئەڵمانیا کردبووەوە بە "کچەکەم"یان بە "خانمی بچوک"
بانگی کردووە.
گەرچی مێرکڵ مەسیحییەکی پرۆتستانتە، بەڵام
ساڵی ٢٠٠٠ توانی لەمپەڕەکانی بەردەمی بشکێنێت و بێت بە سەرۆکی حیزبی یەکێتی مەسیحی
دیموکرات، کە مەسیحی کاسۆلیکی بوو.
ئەنگێلا مێرکڵ لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە لە رێگەی
هەڵبژاردنەوە گەیشت بە پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیا، لەو کاتەوە بۆ چوار خول لە
پۆستەکەیدا ماوەتەوە و هێشتا کاریگەرترین سەرکردەو بەهێزترین ژنی جیهانە.
بە گوێرەی راپرسییەکی رۆژنامەی فۆربز، مێرکڵ
بەهێزترین ژنی جیهانە جگە لەوە خاوەنی چەندین نازناوی دیکەیە.
لەناو ئەڵمانییەکاندا بە دایک ناسراوە، چونکە
لە دۆخە سەختەکاندا میلەتەکەی فەرامۆش نەکردووە، هەمیشە لە نزیک خەڵکی بووە و لە
چەندین قەیرانی قورس ئەڵمانیای رزگارکردووە.
مێرکڵ جیاواز لە سەرکردەکانی دیکەی ئەوروپا
پشگیری پەنابەرانی کردووە، سنوورەکانی وڵاتەکەی بەرووی پەنابەراندا کردۆتەوە،
گەرچی رەخنەی زۆری لەلایەن وڵاتانی دراوسێەوە لێگیراوە، بەم هەنگاوەی توانی پێگەی
جەماوەری خۆی بەهێز بکات.
سەگ خاڵە لاوازەکەی مێرکڵ
لەگەڵ ئەو بەهێزییەی ئەنگێلا مێرکڵ راوێژکاری
ئەڵمانیای پێدەناسرێت، ترسێکی زۆری لە سەگ هەیە، لەساڵی ١٩٩٥ لە رووداوێکدا سەگ
پەلاماری دەدات و لەو کاتەوە جۆرێک لە فۆبیای بەرامبە ئەو ئاژەڵە لەلا دروست بووە.
ساڵی ٢٠١٦ کاتێک سەردانی کۆشکی کرملینی کرد
لە رووسیا، سەگەکەی ڤلادمێر پوتین لێی نزیک بووە ترسەکەی بە شێوەیەکی روون ئاشکرا
بوو.
بەڵام دواتر پوتین داوای لێبوردنی لەو دۆخە
کردو گرتەکەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سڕایەوە.