رێکخراوی تەندروستی جیهانی قوربانی ململانێکانی ئەمریکا و چین

ڕاپۆرت 06/06/2020

Alternate Text

"دارێکی بەدەستەوە هەردوو لای پیسە"  ئەم وتەیە بۆ بۆ دۆخی رێکخراوی تەندروستی جیهانی گونجاوە کە بووەتە قوربانی ناکۆکییەکانی هەر یەکە لە چین و ئەمریکا لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا. 

دوابەدوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری ووهان لە چین و بڵاوبوونەوەی لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا، ناکۆکی کەوتووەتە نێوان هەریەکە لە چین و ئەمریکا، ئەمەش لە وتەکانی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا دەردەکەوێت، کە چین بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و شاردنەوەی راستیەکان تۆمەتبار دەکات و رێکخراوی تەندروستی جیهانیش کەوتووتە ناوەڕاستی ئەو ململانێیەوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەورەترین سەرچاوەی پارەدارکردنی رێکخراوی تەندروستی جیهانییە کە ساڵانە لەنێوان ٤٠٠-٥٠٠ملیۆن دۆلاردایە کە دەکاتە نزیکەی ١٥٪ی داهاتی رێکخراوەکە.

ناوەڕاستی مانگی نیسانی ئەمساڵ دۆناڵد ترامپ هاوکارییە داراییەکانی بۆ رێکخراوی تەندروستی جیهانی راگرت و تۆمەتباری کرد بە لایەنگری کردنی لە رەفتار و رێوشوێنەکانی چین لە مەسەلەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا و شاردنەوەی راستییەکان و مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

دوای تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر دەرکردنی بڕیارەکەی دۆناڵد ترامپ رایگەیاند، دەست بە ناردنی هاوکارییە داراییەکانی بۆ رێکخراوەکە دەکاتەوە هێندەی چین، بەڵام مانگێکی دەستنیشانکرد، کە رێکخراوەکە وازبهێنێت لە نەرمی نواندی بەرامبەر بە چین.

لەبەرامبەردا  تیدرۆس ئەدهانۆم غیبریسیەس، سەرۆکی رێکخراوەکە ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و رایگەیاند، بەشێوەیەکی روون و ئاشکرا مامەڵە لەگەڵ چین کراوە.

 مایک رایان، سەرۆکی بەشی فریاکەوتنی رێکخراوەکە باسی لەوەکردووە، لە مانگی شوباتی ئەمساڵ رێکخراوەکە تیمێکی ناردووە بۆ چین بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و دوو لە ئەندامەکانی تیمەکە ئەمریکی بوون و یەکێکیشیان ئەڵمانی.

لەلایەکی دیکەوە، گەورە بەرپرسێکی پێشووتری رێکخراوی تەندوستی جیهانی بە ناوی ئیلونا کیکبۆش، رایگەیاندووە، گفتوگۆی چڕ لەنێوان رێکخراوەکە و چین بەرێوەچووە، بەتایبەت پێش راگەیاندنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

لەو چوارچێوەی گومانەکانی ئەمریکادا پرسیاری لە بەرپرسانی هەریەکە لە بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئوسترالیا کردووە، کە ئایا حکومەتی پەکین لە مەسەلەی ئەم قەیرانەدا و خستنەڕووی زانیارییەکان شەفاف بووە؟ و لەبەرامبەردا، ماریز بایان وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا وتوویەتی پێویستە سەرنجی هاوکارییەکانی چین و رێکخراوەکە بدرێت.

 ئادەم سکۆت، مامۆستای زانکۆی سیدنی و شارەزای کاروباری رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاشکرای کردووە، گەر ئەمریکا هاوکارییەکانی لە رێکخراوەکە ببڕێت، لەناوەڕاستی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا رێکخراوەکە مایەپوچ دەبێت.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی یەکێکە لە دامەزراوەکانی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، لەساڵی ١٩٤٨ لەدوای تەواوبوونی جەنگی دووەمی جیهانی بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشە درمەکانی وەک کۆلێرا و تاعونی رەش و چەندین نەخۆشی دیکە دامەزراوە.





ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا