شەش مانگی تەواو بەسەر دەرکەوتنی ئهم بەڵا نوێیە جیهانییەکەدا تێپەڕیوە، کە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆڤید ١٩ تێپەڕیوە، گەرچی شارەزایانی بواری پزیشکی بەشێکی زۆر لە وڵاتانی جیهان سەرقاڵن بە لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆت تا ئێستا هیچ مژدەیەکی یەکلاکەرەوەی دڵخۆشکەر نییە.
ڤایرۆسی کۆرۆنا ناسراو بە کۆڤید ١٩ لە خێزانی ڤایرۆسەکانی سارس و میرسە، کە یەکەمیان لە پشیلەوە دووەمیشیان لە حوشترەوە بۆ مرۆڤ گواستراوەتەوە، ئەو زانیاریانەی کە وڵاتی چینیش وەک سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە باسی کردوون لە شەمشەمەکوێرەوە گواستراوەتەوە بۆ مرۆڤ.
چارەسەری کۆرۆنا
گەرچی لەسەرەتای دەرکەوتنی ڤایرۆسەکەوە ماوە ماوە چەند جۆرە چارەسەرییەک پێشنیار دەکرێن ، کە یارمەتی کەمکردنەوەی نیشانەکانی نەخۆشییەکە یان کاریگەرییەکانی بکات، بەڵام دواتر لەلایەکی دیکەوە رەت دەکرێتەوە و بە بێ سوود دەژمێردرێت.
هایدرۆکسیدی کلۆرۆکین یەکەم ئومێدی چارەسەر
لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان پێشنیاری بەکارهێنانی دەرمانی هایدرۆکسیدی کلۆرۆکینیان بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە پێشنیار کرد، کە خۆی لە راستیدا ئەم دەرمانە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان وەک چارەسەری نەخۆشی مەلاریا بەکاردهێنرا و رێکخراوی تەندروستی جیهانیش وەک چارەسەری ئەو نەخۆشییە ناساندبووی.
بەڵام لەناوەراستی مانگی ئایار گۆڤاری پزیشکی لانسێت بڵاویکردەوە، لە نوێترین توێژینەوەدا دەرکەوتووە کە دەرمانەکە نەک تەنها چارەسەری ناکات و نیشانەکانی کەم ناکاتەوە بەڵکو کاریگەری لاوەکیشی بۆ نەخۆش دەبێت وەک نۆبەی دڵ.
ئێستا جیهان بوونەتە دووبەش سەبارەت بە دەرمانی کۆرۆنا بەشی یەکەم پشگیری توێژینەوەکە دەکەن و وازیان لەبەکارهێنانی هێناوە، بەشی دووەمیشیان هێشتا بەردەوامن لەبەکارهێنانی و دەڵێن نەخۆشەکانیان سوودیان لێبینوە.
لە هەرێمی کوردستانیش، کە لەسەرەتای دەرکەوتنی حاڵەتەکانی نەخۆشییەکە دەستان بە بەرهەمهێنانی دەرمانەکە کرد، تا ئێستا بەردەوامن لەبەکارهێنانی دەرمانەکە بۆ نەخۆشییەکە.
محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمیش لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، لەگەڵ بەغدا لەسەر خەتن بۆ بڕیاردانی کۆتایی لەبارەی دەرمانەکەوە.
پلازمای خوێن
لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان کە ڤایرۆسەکەیان تێدا بڵاوبووەتەوە، داواکراوە ئەو کەسانەی نەخۆشییەکەیان تێپەڕاندووە پلازمای خوێن ببەخشن، بەکەسانی توشبوو،
سوودی چییە؟
شارەزایانی بواری پزیشکی سەلماندوویانە سیستەمی بەرگری خوێنی کەسێک کە توشی نەخۆشییەکە بووبێت و چاکبووبێتەوە، جۆرێک لە پرۆتین دروست دەکات کە لەگەڵ ڤایرۆسەکە دەجەنگێت.
وێڕای چاکبوونەوەی ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشانی کۆرۆنا لە هەرێم بەشێکی کەمیان تا ئێستا پلازمای خوێنیان بەخشیوە.
دێکسامیساسۆن کۆتا هیوای توشبوانی کۆرۆنا
رۆژی دووشەممە زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی بڵاویکردەوە، لە دۆزینەوەیەکی نوێدا گەیشتوون بەو ئەنجامەی دەرمانی دێکسامیساسۆن چارەسەری حاڵەتە قورسەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات.
زانکۆکە ئاشکراشی کردووە، دەرمانەکە نرخێکی هەرزانی هەیە، پێشتر وەک چارەسەری هەوکردن بەکارهێنراوە، بەڵام دوای تاقیکردنەوەی لەسەر نەخۆشانی کۆرۆنا، دەرکەوتووە یەک لەسەر سێێ ئەو کەسانە رزگار دەکات کە پێویستیان بە ئامێری هەناسەدانی دەستکردەو یەک لەسەر پێنجی ئەو کەسانە رزگار دەکات کە پێویستیان بە ئۆکسجینە.
باسی لەوەشکردووە، گەر لەسەرەتاوە ئەم دەرمانە بەکاربهێنرایە ژمارەی مردووان بەو رێژەیە بەرز نەدەبووەوە.
رۆژی چوارشەممەش رێکخراوی تەندروستی جیهانی وەک یەکەمین دەرمانی سەلمێنراو بۆ کەمبوونەوەی حاڵەتەکانی مردن بە کۆرۆنا ناساند و پیرۆزبایی لە بریتانیا کرد بۆ ئەو دەستکەوتە زانستییە.
سەبارەت بە بەکارهێنانی دەرمانە نوێیەکە لە هەرێمی کوردستان، کامەران قەرەداغی پزیشکی نەخۆشییەکانی سنگ و هەناسە بە BMC راگەیاند، دەرمانەکە بە ئاسانی لە هەرێمی کوردستان دەست دەکەوێت، بەڵام بۆ حاڵەتە قورسەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەکاردێت.
هۆشداریشی دایە هاوڵاتیان بەبێ رێنمایی پزیشک ئەو دەرمانە نەکڕن و بەکارینەهێنن، چونکە کاریگەری لاوەکی لەسەریان دەبێت.
ژمارەی توشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا گەیشتووەتە زیادتر لە حەوت ملیۆن کەس و نزیکەی ٤٥٠هەزارکەسیش بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
تا ئێستا نازانرێت ئەم دۆزینەوە نوێیە، هۆکارێک دەبێت بۆ رزگاربوونی جیهان لە نەخۆشییەکە، یان دەبێت دیسان لە چاوەڕوانی ڤاکسینێکی تایبەت بە رێگری لە توشبوونی نەخۆشییەکە بمێنینەوە.