یەکێتی بە قوباد تاڵەبانی وتووە بکشێرەوە لە حکومەت؟

ڕاپۆرت 20/06/2020

Alternate Text

دەنگۆی کشانەوەی یەکێتی و دەست لەکارکێشانەوەی جێگری سەرۆکی حکومەت رەتدەکرێتەوە و ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەو حزبەش رایدەگەیەنێت، ئێمە دروستکەری حکومەتین و حکومەت بۆ کێ بەجێبھێڵین.

سەرچاوەیەک لە سەرکردایەتی یەکێتی بە BMC راگەیاند، تا ئێستا یەکێتی بابەتی کشانەوەی لە حکومەت تاوتوێ نەکردوە و باسی لێوەنەکراوە ھاوکات سەرکردایەتی یەکێتی پاڵپشتی قوباد تاڵەبانین بۆ ئەوەی لە پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت بەردەوام بێت.

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد سكرتێری ئە‌نجومە‌نی سە‌ركردایە‌تی یە‌كێتی به‌ BMC راگه‌یاند، هیچ بڕیارێك یاخود بۆچوونێكی له‌و جۆره‌ نییه‌، یه‌كێتی ماوه‌ی چوار مانگه‌ له‌ هه‌وڵدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی دوو قۆڵی له‌ نێوان یه‌كێتی و پارتی بكرێت به‌ ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌ڵام تا ئێستا واده‌ی كۆبوونه‌وه‌ دیار نییه‌.

وتیشی، پێویسته‌ ئیراده‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ نێوان هه‌ردوولادا هه‌بێت وه‌ك دوو هێزی پێكهێنه‌ری حكومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌ك هه‌یه‌ له‌ نێوانیان چاره‌سه‌ری بكه‌ن.

لای خۆیەوە زوبێر عوسمان ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە BMC راگەیاند، ماوەیەکە ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆبوونەوەی ئەنجامنەدا و ھیچ بۆچوونێکی لەو جۆرە لەناو یەکێتیدا نییە

وتیشی، یەکێتی دروستکەری حکومەتە، ئەگەر بکشێتەوە حکومەت بۆ کێ بەجێبھێڵێت؟ لەبەر ئەو ھۆکارە یەکێتی ناکشێتەوە چونکە ئەگەر بکشێتەوە دوو ئیدارەی دروست دەبێت.

ئەوەشی خستەروو، یەکێتی لەگەڵ کشانەوە و دەست لەکارکێشانەوەی کەسدا نییە و داوای لەو جۆرەی نەکردوە بەڵکو داوای کردوە شەریکی راستەقینەبێت لە دەسەڵاتدا و حکومڕانییەکی رەشیدی ئەم ھەرێمە بکرێت.

رزگاری حاجی حه‌مه‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ BMC  وت، هیچ بابه‌تێكی له‌و جۆره‌ له‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی باس نه‌كراوه‌ و كشانه‌ی یه‌كێتی پێویستی به‌ دراسه‌ هه‌یه‌ و پێویسته‌ له‌ ئێستادا كێشه‌كانی خه‌ڵك چاره‌سه‌ر بكرێت و ئه‌وله‌ویه‌ت بدرێت به‌و بابه‌ته‌.

لەلایەکی دیکەشەوە پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەبارەت بە دەستلەکارکێشانەوەی قوباد تاڵەبانی لە پۆستی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم بە (BMC) راگەیاند، "وەک دەستلەکارکێشانەوەی قوباد تاڵەبانی هیچ بڕیارێکمان نەداوە، بەڵام وەک سەرکردایەتی یەکێتی کە کاک قوباد خۆشی ئەندامی سەرکردایەتییە، هەمیشە دووپاتیدەکەینەوە دەبێت مووچە و ژیانی خەڵک دابینبکرێت و لەگەڵ بەغدا رێکبکەوین تا بتوانین مووچەی خەڵک لە کاتی خۆیدا بگاتە هەرێم و دابەشبکرێت.

سەبارەت بەوەی سەرکردایەتی یەکێتی هیچ پێشنیارێکی کردووە بۆ کشاندنەوەی لە حکومەتی ئێستای هەرێم، پۆڵا سیروان تاڵەبانی روونیکردەوە، تا ئێستا هیچ پێشنیارێکی وا نەکراوە لەلایەن سەرکردایەتییەوە کە لە حکومەت بکشێینەوە، بەڵام کەسانێک هەن بیرو بۆچوونیان وایە کە بکشێینەوە بەڵام بەشێوەیەکی فەرمی تا ئیستا سەرکردایەتی یەکێتی هیچ بابەتێکی لەوشێوەیەی باس نەکردووە.

ئاشکراشیکرد، کشانەوە یان مانەوە لە حکومەت بڕیاری سەرکردایەتی یەکێتییە و سەرۆکایەتی یەکێتی بڕیار دەدات لەو بارەیەوە.

سەبارەت بە دروستبوونی ئەم دۆخەش کە بەسەر هەرێمدا هاتووە، ماوەیەکی زۆرە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی رایگەیاند، "دروستبوونی ئەم دۆخە بەپلەی یەکەم پارتی لێی بەرپرسیارە، لەبەرئەوەی سەرۆکی حکومەت لە پارتییە، بەڵام هەموو لایەنەکان بەرپرسیارێتیان دەکەوێتە سەر شان لە دروستبوونی ئەم دۆخەدا و هەموولایەنەکانیش بەپێی پێگەی خۆیان بەرپرسیارێتیان لەسەرە، وەک یەکێتیش هەموو هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە کە خەڵک کێشەی مووچەی نەمێنێت لەگەڵ بەغدا بگەینە رێکكەوتن.

بێستون سابوراوایی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، بە (BMC) راگەیاند، "باسکردنی کشانەوەی یەکێتی لە حکومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت فەرمی نییە، زیاتر لەناو بنکەی جەماوەری و رێکخستنی یەکێتی و جەماوەرەکەی باسی ئەو بابەتە دەکرێت، بەڵام وەک سەرکردایەتی تا ئێستا بابەتێکی لەوەجۆرە باس نەکراوە، وەک شتێکی "جددی" نەکەتووەتە بەر باس، بەڵام رای جیاواز هەیە له‌ناو كادره‌كاندا نەک وەک سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان".

ئه‌وه‌شی خسته‌روو، وەک سەرکردایەتی یەکێتی بەگشتی بیر لەوە دەکرێتەوە کە چۆن بارودۆخ و ژیانی هاوڵاتیان باشتر بکرێت لەوەی کە ئێستا هەیە، ئێمە کاریگەریمان هەبێت لەسەر باشكردنی حکومەت، هەموو رێگه‌یه‌كی پێویست بەکار بهێنرێت کە فشار لە پارتی بکرێت تاکو بتوانێت پارتی رابکێشرێتەوە بەرەی میللەت، چونکە ئێستا پارتی لەبەرەی میللەتدا نییە.

سەبارەت بەوەی کێ لەم دۆخەی ئێستای هەرێم بەرپرسە وتی، "لە هەموو دنیا وایە هەندێک حاڵەت هەندێک بارودۆخی سیاسی دەبێت بە داب و نەریت کە دوای "دەق" دەگرێت، لە هەرێمی کوردستانیشدا ئەوە "دەق"ی گرتووە کە کێ لێپرسراوێتییە یەکەمەکانی لەلابێت لەحکومەتدا ئەوە سیاسەتی حکومەت دادەرێژێت، ئەوانی دیکە کاریگەرییان دەبێت بەڵام وەک کاریگەرییە یەکەمەکە نابێت، بۆ نمونە لە ئێستادا پارتی سەرۆکی هەرێم و حکومەتی لەلایە لەگەڵ هەندێک لە وەزارەتە "سیادییە" گرنگەکان کە دەتوانین بڵێین هەموو ئەوانە گروپی بڕیاردان پێک دەهێنن، لەبەر ئەوە هەموو لێپرسراوێتییەکان لەسەر شانی پارتییە، خەڵکیش کە گلەیی لە حکومەت دەکات هەر لە پارتی دەکات لەبەر یٔەوەی یٔەوە بووە بە نەریت، پارتی چەندین جۆر پەیوەندی و پەیمانی بەستووە لەگەڵ وڵاتان لەگەڵ شوێنان بە بێ یٔەوەی بگەڕێتەوە بۆ حزبەکانی دیکە. 


مامۆستا ئیکرام، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی  ئه‌وه‌ی بۆ BMC  ئاشكراكرد، تا ئێستا ئاگادار نیم بڕیار لەو شێوەیە هەبێت لەناو سەرکردایەتی،  من وەک سەرکرادیەتی نە بڕیاری لەو شێوەیەم گوێ-لێبووە نەباسیشکراوە کۆبوونەوەی لەسەر ئەو بابەتە بکرێت، سەبارەت بە دیاریکردنی وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی بەم نزیکانە وتی، دروستبوونی ئەو دۆخە ئێستای لە هەرێم هەیە بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا هیچ کاتێک دیارنەکراوە.



حاجی مەسیفی ، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە (BMC) راگەیاند، تا ئێستا کۆبوونەوە لەسەر ئەو بابەتە نەکراوە، بەڵام خۆمان درک بەو بابەتە دەکەین هەموومان نیگەرانین وەک یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەو دۆخەی کە هەرێمی کوردستان لێی گوزەر دەکات لەگەڵ بارودۆخی خەڵکی کوردستان و گوزەران و ئەمنییەتی خەڵک، سەرەڕای ئوەش مووچە نییە کاسپی نییە، دڵەراوکێیەکی زۆر کەوتووەتە ناوخەڵک لەسەرهاتنی هێزێکی گەورەی جەندرمە بۆ سنورەکانی هەرێمی کوردستان لە دەڤەری بادینان، پاش برسیکردن نەدانی مووچە کێشەیەکی دیکەشی بۆ دروستبووە، کە خەڵک لە دڵەراوکێییەکی گەورەدا دەژی.

ئاشکراشیکرد، "دەبێت یەکێتی "مەوقیفی" خۆی لەو شتانە دیاریبکات، ئێمە بۆیە بەشداری لە حوکمڕانی حوکمەت دەکەین بۆ ئەوە کە بەڕاستی شوێن پەنجەمان دیار بێت ئەو بەرنامەیەی هەمانە بتوانین جێبەجێی بکەین.

وتیشی، "تا یٔێستا کۆبوونەوەی سەرکردایەتی نەکراوە لەسەر ئەوەی کە کاک قوباد راپۆرتی خۆی پێشکەش کردبێت یان دەستلەکارکێشانەوەی لەحکومەت دابێتە سەرکردایەتی، وە بڕیاری کشانەوەش لە حکومەت بڕیاری سەرکردایەتیی یەکێتی دەوێت بە دەستە "جەمعی".

سەبارەت بە بەردەوامی یەکێتی لەناو کابینەی نۆیەمی حکومەت و تا چەند کابینەی نۆیەم توانیویەتی سەرکوتووبێت، ئەو ئەندامەی سەکردایەتی رایگەیاند، "بە دڵنیاییەوە کابینەی نۆیەم سەرکەوتوو نەبووە لە کارەکانی، چونکە توشی ئه‌زمەیەک و قەیرانێکی دارایی گەورە بووە، هەروەها توشی قەرزێکی زۆری دارای و چەندەها کۆسپ و تەگەرە بووە، سەرباری ئەوەش هێنانی هێز و تۆباران-کردنی چەند ناوچەیەک، ئەمەش وایکردووە کە خەڵک هیچ بڕاو متمانەیەکی بەو حکومەتە نەمێنێت.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی بەم زوانە بڕیارە کۆببێتەوە، حاجی مەسیفی روونیکردەوە، "بەهۆی ئەم بارودۆخەی ئێستا هەیە لەهەرێم لەڕووی تەندروستییەوە، کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەربڵاوە، وایکردووە کۆبوونەوەکان قورس بن، بۆیە دەبێت بیر لە رێگا چارەیەکی دیکە گرینە بەر، کە بەشێوەیەکی دیکە کۆببینەوە، چونکە ناکرێت ئێمە هەر وا دەستەوەستان بووەستین پێویستە راو بۆچوونمان هەبێت لەسەر رووداوەکان.


ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان به‌ BMC راگه‌یاند،  ئێمە ئێستا لە بەشدارین لە حکومەتدا،  بەشی ئەو هێزەی یەکێتی هەیەتی بەرپرسیارە لە بەرێوەبردنی هەرێم، ئێمە وەک یەکێتی و پارتی و گۆڕان کە حکومەتمان پێکهێناوە‌، حکومەت روبەرووی قەیرانی گەورەی دارایی و سیاسی و تەندروستی بووەتەوە، هەموو ئەوانەش کێشەی قورسن چی بۆ هاوڵاتیان چی بۆ حکومەت، بەڵام وەک بابەتی کشانەوە لە حکومەت یٔێمە وەک سەرکردایەتی تا یٔێستا باسی کشانەوەمان نەکردووە لە حکومەت، لەبەریٔەوەی حکومەتەکە "تەوافقییە" و لە سێ لایەن پێکهاتووە کە یەکێتی و پارتی و گۆڕانە، هەموو کاتێک بۆی هەیە لایەنێک لەو سێ لایەنانە بکشێتەوە بە تایبەت یەکێتی و گۆڕان، بەڵام تا یٔێستا یٔێمە وەک یەکێتی باسی کشانەوەمان نەکردووە، بەڵکو بەرپرسیارێتی بارودۆخەکەمان هەڵگرتووە، وەک سەرکردایەتی یەکێتیش تا یٔێستا هیچ وادەیەکمان دیارینەکردووە بۆ کوبوونەوەی سەرکردایەتی.


نەسڕوڵا سورچی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی به‌ (BMC) راگه‌یاند، سەبارەت کشانەوەی یەکێتی وتی، تا ئێستا لە کەسم نەبیستووە ئەو بابەتە بەشێوەیەکی فەڕمی، وەک فەیسبووک و ئەوانە رەنگە باس بکرێت ، بەڵام بەشێوەیەکی فرمی تا ئێستا ئێمە ئاگادار نەکراوینەتەوە لەسەر بابەتی لەوشیوەیه‌ هاوكات ده‌ِڵێت لەبەر کۆرۆنا نەبوایە دەمێک بوو کۆبوونەوەی سەرکردایەتیمان دەکرد.


هاوكات BMC په‌یوه‌ندی به‌ چه‌ند ئه‌ندامێكی دیكه‌ی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌وه‌ كرد و  رایانگه‌یاند، ئه‌و پرسه‌ له‌ناو سه‌ركردایه‌تیدا باسی لێوه‌نه‌كراوه‌.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا