بەنداوی نەهزە کێشە کۆتایی نەهاتووەکەی ئەفریقا

ڕاپۆرت 16/07/2020

Alternate Text

لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠١١وە لەو کاتەوەی حکومەتی ئەسیوبیا بڕیاریدا بەنداوی نەهزە، لەسەر رووباری نیل دروستبکات، بەردەوام کێشە لەنێوان ئەو وڵاتە و میسر لەلایەک و سودان لەلایەکی دیکەوە بەردەوامە.

لەکاتی دەستکردن بە دروستکردنی بەنداوەکە ئەسیوبیا رایگەیاند، ئەنجامدانی ئەو پرۆژەیە مەترسی نییە بۆ کەمکردنەوەی ئاوی ئەو دەوڵەتانەی بەشیان لە ئاوی رووبارەکەدا هەیە و بە مافێکی سروشتی خۆی زانی کە پرۆژەیەکی لەو شێوەیە لە وڵاتەکەیەدا جێبەجێ بکات،هەرچی میسر و سودانیشە رایانگەیاند، دروستکردنی بەنداوەکە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەشە ئاوی وڵاتەکەیان لەسەر رووباری نیل ئەمەش زیان بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەوروبەری رووبارەکە دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی زیانێکی ئابوری گەورەش بۆ وڵاتەکانیان.

بەنداوی نەهزە، لەسەر رووباری نیلی شین لە ویلایەتی بەنی شەنگول لە باکوری خۆرئاوای ئەسیوبیا، لە ناوچە سنوری لەسەر رووبەری هەزار و ٨٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە، و بە بڕی ٤،٧ملیار دۆلاری ئەمریکی دروستکراوە.

بەنداوی نەهزە، بە گەورەترین پرۆژەی کارۆئاوی لە ئەفریقا دەیەمین پرۆژەی گەورەی کارۆئاوی لە جیهاندا دەژمێردرێت.

لە دوای دەستکردن بە دروستکردنی بەنداوەکە گفتوگۆی نێوان وڵاتەکان لەبارەی زامنکردنی بەشی خۆیان لە ئاوی رووبارەکەو  پاراستنی دەستکەوتەکانیان دەستی پێکرد، بەڵام وێڕای نێودەنگیری چەندین وڵات و رێکخراو لە ناویشیاندا یەکێتی ئەفریقا نەتوانراوە بگەنە ئەنجام.

لەگەڵ بەردەوام بوونی ئەسیوبیا و توڕەیی هەریەکە لە میسر و سودان، سودان لە سەرەتای سەرهەڵدانی کێشەکەوە هەوڵیداوە نەرمتر مامەڵە بکات و نەکەوێتە نێوان کێشەکانی دوو دەوڵەتەکەی دراوسێی.

گەرچی بڕیار بوو لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٠ دەست بە بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بکرێت لە بەنداوەکە، بەڵام لە چەند رۆژی رابردودا لەدوای بەبێ ئەنجام مانەوەی گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوەکانی نێوان ئەو سێ دەوڵەتە ئاژانسی هەواڵی ئەسیۆشەیتت پرێس، کۆمەڵێک وێنەی لە رێگەی مانگی دەستکردەوە بڵاوکردەوە، کە روونیدەکردەوە ئاستی ئاوی بەنداوەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

لەدوای بڵاوبوونەوەی وێنەکان میسر بە زووی داوای روونکردنەوەی لە ئەسیوبیا کرد، بەڵام سودان رەتیکردەوە هەڵوێستی تاکلایەنانە لەبارەی کێشەکەوە دەرببڕێت.

 گەرچی لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی وێنەکاندا ئەسیوبیا رەتیکردەوە دەستی بەو کارە کردبێت رایگەیاند بەهۆی ئاوی باراناوەوە زیادی کردووە، لە ئێستادا دانی ناوە بە دەستکردن بە گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەکەدا، بێ ئەوەی رێککەوتنی کۆتایی لەبارەوە کرابێت.
میسر چۆن دەتوانێت مافی خۆی وەربگرێت؟

لە رابردوودا و لە ئێستاشدا میسر بە چەندین شێوە هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە ئەسیوبیا کردووە لە ئەگەری پابەند نەبوون بە بەستنی رێککەوتنێک لەنێوانیاندا، بەڵام ئەم هەفتەیە سامح شوکری، وەزیری دەرەوەی میسر رایگەیاند، هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدەن بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک تەنانەت گەر بگات بە دەستوەردانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و  رێکخراوە هەرێمییەکانی وەک یەکێتی ئەفریقا بۆ نێودەنگیری.

رووباری نیل یەکێکە لە درێژترین رووبارەکانی جیهان  و درێژییەکەی دەگاتە شەش هەزار و ٦٥٠ کلیۆمەتر، لە دوو یەکگرتنی دوو سەرچاوەی ئاوییەوە دروستبووە کە هەریەکە لە دەریاچەی ڤیکتۆریا کە نیلی سپیشی پێدەوترێت و نیلی شین پێکدێن.




ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا