ئەمڕۆ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە سەرپەرشتی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و بە ئامادەبوونی سەرۆكی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان لە ھەولێر کۆدەبێتەوە و بڕیار لەبارەی ھاتووچۆی نێوان پارێزگاكان و رێكار و رێنماییەكانی دیكەی رووبەڕوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەدرێت.
بە پێی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و کردنەوەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان دەکرێت.
جگە لە ھاتووچۆی نێوان پارێزگاكان، پێشتر لە ھەولێر داوای كردنەوەی مزگەوت و ھۆڵەكانی وەرزشی و یانەكانی خواردنەوە كرابوو، بەڵام بەھۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بڕیاری كردنەوەیان نەدراوە. لە كۆبوونەوەی شەمەی رابردووی ژووری ئۆپەراسیۆنی ھەولێریش ھیچ بڕیارێكی نوێ نەدرا و بڕیارە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا پێشنیازەكان بخرێنەڕوو، بۆ ئەوەی بە راوێژ لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی بڕیاریان لێبدرێت.
فەرەیدون غەریب، بەڕیوەبەرى گشتى ئەوقافى سلێمانى بە "BMC" راگهیاندبوو، پێشنیاریان کردووە، تاوەکو رۆژى هەینى دەرگاى مزگەوتەکان بکرێنەوە بە جێبەجێکردنى رێکارە تەندروستییەکان.