شەڕێکی رانەگەیەندراو دژی ئێران... کێ لە پشت رووداوەکانی ئەم دواییەی ئێرانەوەیە؟

ڕاپۆرت 22/07/2020

Alternate Text

رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە و رووداوە ناڕوونەکانی دیکە کە  بەشێک کارگەکانی ئێرانی گرتووەتەوە لە ماوەی رابردوودا هێندە زۆر بوون بە رادەیەک قورسە بڕیار بدەیت بە مەبەست بووە یان تەنها رووداوێک.

سایتی ناشناڵ ئینترێستی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، ئەو رووداوانە لە چوارچێوەی هەوڵێکی رێکخراودا روویانداوە، کە بە زنجیرە ئاگر کەوتنەوەیەک دەستیان پێکرد.

بەشێک لە بەرپرسانی ئێران هۆکاری ئاگرەکانیان بۆ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کێشەی نێوان جوتیاران گەڕاندووەتەوە، بەڵام بەشێکی دیکەیان پێیان وابووە رووداوەکان پلان بۆ داڕێژراو بوون.

دواتر رووداوی تەقینەوە لە ناوچە شاخاوییەکانی خۆرهەڵاتی تارانی پایتەخت روویاندا، کە بەشێک لە چاودێران پێیان وابووە لە ژێر زەوویەکەیدا تۆڕێکی گەورەی حەشارگەی چەک و تەقەمەنی و شوێنی دروستکردنی مووشەک هەیە و رەنگە پەیوەندیشیان بە بەرنامە ناوەکییەکەوە هەبێت.

رووداوی دوای ئەوە تەقینەوەی کارگەیەک بوو لە کۆمەڵگای نەتەنزی ئەتۆمی، لێرەوە گومانەکان بۆ هەڵگیرسانی جەنگ بە کردارەکی دژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەستی پێکردووە.

دوای چەندجارێک لە رەتکردنەوەی بەڵام دواجار حکومەتی تاران دانی بەوەدا نا کە رووداوەکە زیانێکی گەورەی لێکەوتووەتەوە.

رۆژنامەی نیوۆرک تایمز لە مانشێتی هەواڵێکدا ئاشکرای کرد کە تەلئەبیب لە رێگەی بۆمبەوە ئەو هێرشانەی ئەنجامداوە، بەڵام تەلئەبیب ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە.

سایتی ناشناڵ ئینترێست ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ئەوەی گومانەکانی زیادتر کردووە ئەوەیە کە هیچ کەس بەرپرسیارێتی خۆی لە رووداوەکان رانەگەیاندووە.

ئەم رووداوانە لە کاتێکدان لە رابردوودا  ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی کردبووە سەر ئێران کە خۆی لە کوشتنی زانا ئەتۆمییەکان و هێرشکردنە سەر پێگەکانی ئێران لە سووریا دەبینییەوە.

پێشتریش ئەمریکا بە ئاشکرا بەرپرسیارێتی خۆی لە کوشتنی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران( قاسم سولەیمانی راگەیاندبوو).

گەرچی تا ئێستا ئیدارەکانی ترەمپ و ناتانیاهۆ بە رەسمی هێرشیان دژی ئێران رانەگەیاندووە، بەڵام سایتی ناشنال ئینترێست نووسیویەتی" ئەمە جەنگێکی راستەقینەیە".

بۆچی ئێرانییەکان بێدەنگن؟ رۆژنامەکە باسی لەوەکردووە، نایانەوێت هیچ جۆرە سەرکێشییەک بکەن کە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی لایەنگری ترەمپ و شانسی ئەوەی پێ بدرێت دووبارە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠ی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو وەک سەرۆکی ئەمریکا هەڵببژێردرێتەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا