لە شاری بەغداد سەرۆک کۆماری عێراق پێشوازی لە باڵیۆزی میسر کرد و پاڵپشتی عێراقی لە دۆسییەی بەنداوی نەهزەدا بۆ وڵاتەکە دووپاتکردەوە.
نوسینگەی سەرۆک کۆماری عێراق بڵاویکردووەتەوە، د. بەرهەم ساڵح، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە كۆشكی بەغداد پێشوازیكردووە لە عەلا موسا باڵیۆزی كۆماری میسری عەرەبی لە عێراق.
روونیشیکردووەتەوە، سەرۆك كۆمار جەختی لە پشتیوانی عێراق کردووەتەوە بۆ كۆماری میسری عەرەبی لە هەوڵەكانی بۆ پارێزگاریكردن لە ماف و دەستكەوتە ئاوییەكانی لەبارەی دۆسیەی بەنداوی نەهزە كە دەبێتە مایەی پاراستنی بەرژەوەندی میسر و ئاسایشی ئاوەكەی، ھاوکات ئاماژەشیكرد بۆ ئەوەی كە لە نزیكەوە لە پەرەسەندنی دۆخەکە دەڕوانێت لە گۆڕەپانی لیبیا و گاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەكە بە شێوەیەكی گشتی.
ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆك كۆمار جارێكی جەختیشیكردووەتەوە، لە پێویستی پشت بەستن بە چارەسەری سیاسی و رێزگرتن لە ویستی لیبیەكان، بەجۆرێک زامنی ئاسایش و سەقامگیری بکات لە لیبیا، ھاوکات ناوچەكەش دووربخاتەوە لە جەنگ و ماڵوێرانی.
هاوکات لەلای خۆیەوە باڵیۆزی میسر پابەندبوونی وڵاتەکەی دووپاتیكردەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی هاریكاری لەگەڵ عێراق كە تەواوی بوارەكان بگرێتەوە، ھاوکات خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوولا بکات.