لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە کێشەکانی نێوان چین و ئەمریکا چوونە قۆناغێکی نوێوە، ئەویش پاش داوایەکی ئەمریکا بە داخستنی کونسوڵخانەی چین لە هیوستن.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، دوای ئەوەی ئەمریکا ٧٢ کاتژمێر کاتی داوە بە چین بە داخستنی کونسوڵخانەی وڵاتەکەی دیبلۆماتکارە چینییەکان بینای کونسوڵخانەکەیان جێهێشتووە، بە ماوەیەکی کەمیش چەند کەسێکی دیکە چوونەتە ناو بینای کونسوڵخانەکەوە، کە بە پێی زانیارییەکان چەند بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایان لەناودا بووە.
ئەمریکا بیانووی پاراستنی خاوەندارێتی فکری زانیارییە تایبەتییەکانی وڵاتەکەی ئەو داوایەی لە چین کردووە، لە بەرامبەریشدا چین بە مامەڵەی هاوشێوە وەڵامی دایەوە.
دوای بڕیارەکەی ئەمریکا، چین بڕیاری داخستنی کونسوڵخانەی ئەمریکای چنغدۆ و رایەگەیاند، بڕیاری کارکردن و مانەوەی ئەو کونسوڵخانەیەی کشاندووەتەوە.
لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کێشەکانی هەریەکە لە چین و ئەمریکا بەرەو ئاڵۆزبوونی زیادتر چوون.