دەستەی دەسپاكی كەركوك فەرمانی دەستگیركردنی بۆ نەجمەدین كەریم ده‌ركرد

کوردستان 25/07/2020

Alternate Text

دەستەی دەسپاكی كەركوك لەسەر دۆسییەی پڕۆژەی هەڵۆی كەركوك، بەپێی مادەی ٣٤٠ لە یاسای سزادانی عێراقی، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ژمارەیەك بەرپرسی شارەكە دەركرد.

 دەستەی دەسپاكی كەركوك لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرایكردوه‌، ژمارەیەك بەرپرس لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ، بەرگری شارستانی، پاسپۆرت، گواستنەوە و هەواڵگری شارەكە لە دۆسییەی پڕۆژەی هەڵۆی كەركوك تێوەگلاون.

دەستەكە تێوەگلانی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوكی لەسەر هەمان دۆسیەدا ئاشكرایكردووەو راشیگەیاندووە، واژووی نایاسایی لەسەر ئەنجامدانی گرێبەستی پڕۆژەكە كردووە لەكاتێكدا لە دەسەڵاتی ئەودا نەبووە رەزامەندی لەسەر ئەو گرێبەستە بدات.

هاوكات مەریوان نادر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی به‌ ئاژانسی ئەنادۆڵی رایگەیاندوه‌، بەپێی بەدوادچوونەكانمان لەسەر دۆسیەی پڕۆژەی هەڵۆی كەركوك نزیكەی سێ ساڵە دەسپاكی كەركوك كار لەسەر ئەم پرسە دەكات، بەڵام ئێستا دەستەكە دۆسییەی تاكەكەسی بۆ ئەو كەسانە كردووەتەوە، كە تێوەگلاون بە پێشێلكاری پرەنسیپی ئیداری لە واژووكردنی گرێبەستی پڕۆژەی هەڵۆی كەركوك و سەرنەكەوتنی پڕۆژەكە.

مەریوان نادر راشیگەیاند، بەهۆی سكاڵای زۆری هاووڵاتییانی كەركوك لەسەر پڕۆژەكە، دەستەی دەسپاكی لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكردووە.

پڕۆژەی هەڵۆی كەركوك بریتی بوو لە دانانی باجێك لەسەر جامی پێشەوەی ئۆتۆمبیلی هاووڵاتییان و لەڕێگەی سیستەمی جی پی ئێسەوە شوێنی ئەو ئۆتۆمبیلە دیاری دەكرا و دەزانرا لەچ شوێنێكی شارەكەیە لەگەڵ دانانی كامێرای چاودێری لە زۆربەی شەقامەكانی كەركوك بۆ چاودێریكردن و كۆنتڕۆڵكردنی ئۆتۆمبیلەكانی شارەكە لە ئەگەری روودانی هەر رووداوێكی نەخوازراودا، بۆ مامەڵەی هەر ئۆتۆمبێلێكیش بری ٢١ هەزار دینار لە هاووڵاتییان وەردەگیرا.

ساڵی ٢٠١٩یش لەسەر هەمان دۆسیە فەرمانی دەستگیركردن بۆ خاوەنی كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەی هەڵۆی كەركووك، شوانە جومعە دەركرا بەڵام دواتر بە دەستەبەری ئازادكرا.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا