لەدوای دۆزینەوەی گۆڕی توت ئەنخ ئاموون یەکێک لە فیرعەونەکانی میسر، نهێنی سەیر لەبارەی نەفرەتی گۆڕەکەیەوە ئاشکرا دەکەن و بە وتەی هەندێک کەس ئەوەی گۆڕەکەی بکاتەوە دوای ماوەیەک دەمرێت.
زانای بواری شوێنەوارناسی هوارد کارتەر لەساڵی ١٩٢٢، توانی گۆڕی توت ئەنخ ئامون فیرعەونی میسر بدۆزێتەوە و چەندین نهێنی مێژووی ئاشکرا بکات.
بەڵام لەدوای ئەو دۆزینەوەیەوە چەند حاڵەتێکی مردن روویانداوە و بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندیان بەو فیرعەونەوە هەیە بەو هۆیەشەوە بە نەفرەتی توت ئەنخ ئامون ناوی دەبەن.
لە کاتی خۆیدا نەفرەتی توت ئەنخ ئامون ببووە، مانشێتی بەشێک لە رۆژنامەکان و وا بڵاوکرابووەوە هەر کەس گۆڕی ئەو فیرعەونە هەڵبداتەوە خۆی دەمرێت.
شارەزایانی بواری شوێنەواری میسر باس لەوەدەکەن ئەو قسانە بنەمای زانستیان نییە، چونکە هەندێک کەسیش بە درێژایی مێژوو سەردانی گۆڕی ئەو مردووەیان کردووە و تەمەنێکی درێژیشیان کردووە.
ئەمانە بەشێکن لە نموونەی ئەو کەسانەی دەڵێن بەهۆی نەفرەتی توت ئەنخ ئاموونەوە مردوون.
-کارنار فۆن دوای شەش مانگ لە هەڵدانەوەی گۆڕەکە بەهۆی پێوەدانی مێشوولەوە گیانی لەدەستدا.
- زانای بواری شوێنەوارناسی هیۆ ئیڤلین وایت یەکێک لە مەترسیدارترین رووداوەکان لەدوای ماوەیەک لە پشکنینی گۆڕەکە لەساڵی ١٩٢٤ خۆی خنکاند و لە نامەیەکیشدا نوسیبووی" تەسلیمی ئەو نەفرەتییە بووم کە بە شاراوەیی ئەزموونم کرد".
- ئارۆن ئیمبر، یەکێک لە زانا میسرییەکان، لە ساڵی ١٩٢٦ کاتێک ماڵەکەی ئاگری گرت دەیتوانی خۆی دەرباز بکات بەڵام گەڕایەوە بۆ رزگارکردنی کتێبەکەی کە لەژێر ناونیشانی" مردنم لە میسر" نووسیبووی، ئەو زانایەن پێشتر پشکنینی بۆ مۆمیاکە کردبوو.
بە گشتی ژمارەی ئەو کەسانەی دوای پشکنینی گۆڕەکەوە گیانیان لەدەستداوە ١٣ کەس بووە.
لە ئێستادا بڕیارە لە فیلمێکی بەڵگەنامەییدا زانیارییە راست و دروستەکان لەبارەی چیرۆکی نەفرەتییەکەی توت ئەنخ ئاموونەوە بخرێتە روو.