برازاکەی ساڵح موسلیم ئازادكرا

کوردستان 27/07/2020

Alternate Text

دالیا مەحمود، برازای ساڵح موسلیم لە شاری مێرسینی تورکیا ئازادکرا، بەڵام  بە مەرجی ئەوەی لەژێر چاودێری دەسەڵاتی دادوەریدا بمێنێتەوە.

ئاژانسی ئەنادۆڵ-ی تورکی رایگه‌یاند، ئەمڕۆ دووشەممە دالیا مەحمود موسلیم براوەتە بەردەم دادگای شاری مێرسینی تورکیا و وتەی لێوەرگیراوە و دواتر بە مەرجی ئەوەی لەژێر چاودێری دەسەڵاتی دادوەریدا بمێنێتەوە، ئازادکراوە.

لە میدیاكانی توركیا بڵاوكرایەوە كە دالیا مەحمود موسلیم خۆی رادەستی توركیا كردوەتەوە، دواتر هەریەك لە مەحمود محەمەد موسلیم و ساڵح موسلیم ئەو زانیارییانەیان رەتكردەوە

15ی مانگ لە میدیاكانی توركیا بڵاوكرایەوە كە دالیا مەحمود موسلیم خۆی رادەستی توركیا كردوەتەوە، دواتر هەریەك لە مەحمود محەمەد موسلیم و ساڵح موسلیم ئەو زانیارییانەیان رەتكردەوە و رایانگەیاند، "كچەكەیان لە هەرێمی كوردستانەوە رادەستی توركیا كراوەتەوە".

دواتریش وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، "دەربارەی ئەو تۆمەتانەی کە گوایا کەسێک بە ناوی (دالیا مەحمود موسلیم) لە هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی تورکیا کراوەتەوە، بە پێویستی دەزانین ڕای گشتی ئاگادار بکەینەوە کە ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەکی نییە بەڵکو هەوڵێکی چەواشەکارانەیە بۆ داپۆشینی ڕاستیی بابەتەکە". 

ئەوەشی خستەڕو، دالیا مەحمود موسلیم ناسراو بە "ڤیان شەڕڤان" دوای ئەوەی واز لە هێزەکانی یەپەژە دەهێنێت لەگەڵ چەکدارێکی دیکەی خەڵکی بەدلیسی باکوری کوردستان بەناوی سەلام رەمەزان محەمەد ناسراو بە "تولهەلدان" کە لە ڕیزەکانی یەپەگەوە بوە، "پەیوەندی خۆشەویستی دروست دەکەن و هەردوکیان بەیەکەوە بڕیاری وازهێنان دەدەن و رادەکەن".  

وەزارەتی ناوخۆ باسی لەوەشکردوە، "رەمەزان لە ڕۆژی 2020/7/9 بە ئارەزوی خۆی دەگەڕێتەوە تورکیا و پاشان دالیا مەحمود ساڵح بۆ پەیوەندیکردن بە سەلام لە ڕۆژی 2020/7/14 بە قاچاخ دەچێتە تورکیا و دواتر لە شاری مێرسین خۆی ڕادەستی پۆلیسی تورکیا دەکات، بۆیە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بەم بابەتەوە نییە".  

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا