وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا مەرجەکانی پێدانی مۆڵەتی بێ مووچە بۆ مامۆستایانی هەردوو قۆناخی بنەڕەتی و ئامادەیی رادەگەیێنێت و تێیدا هاتووە، مامۆستایان دەتوانن لە بەرواری 30-8-2020 ـەوە داواکاری پێشکێشبکەن. "بەمەرجێک لەدوای 20-12-2015ـەوە مۆڵەتی بێمووچەی لە دوو ساڵ تێپەڕنەبووبێت".
لە مەرجەکانی وەزارەتی پەروەردەدا هاتووە، دوایین رێککەوت بۆ بەرزکردنەوەی داواکارییەکان 15-9-2020 دەبێت و پێویستە لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پارێزگاکان بێت.
لەبارەی ئەو ئافرەتانەی مۆڵەتی دایکایەتییان کردووە، وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، دەبێت لەماوەی 10 رۆژ دوای دەستبەکاربوونەوەیان داوای مۆڵەتی بێ مووچە بکات.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پەروەردەدا ئاماژە بەوە کراوە، لەکاتی داواکردنی درێژکردنەوەی مۆڵەتی بێ مووچە، پێویستە کار بە ناوەڕۆکی رێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2017ـی وەزارەتی دارایی و ئابووری بکرێت. هاوکات داواکار پێویستە رەزامەندیی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەپێی فۆڕمی ژمارە یەک وەرگرێت و بەڕوونی ئاماژە بکرێت بەوەی کە کاریگەریی لەسەر میلاک نییە.
بەپێی مەرجەکان، نابێت دەستلەکارهەڵگرتن بکرێت تاوەکو بڕیاری وەزاری و بڕیاری کارگێڕیی گشتیی قەزاکان بە پێدانی مۆڵەتەکەی دەرنەچێت. هاوکات دەستهەڵگرتنیش لەماوەی حەوت رۆژ زیاتر نەبێت لە رۆژی دەرچوونی بڕیارەکە.