لە رۆژانی جەژن لە سلێمانی ئەم جۆرە کارانە قەدەغەدەکرێت

کوردستان 27/07/2020

Alternate Text

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لیژنەی باڵای روبەروبونەوەی كۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی هەشت بڕیاری دەركرد و رایگەیاند، لە ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆزدا، سەردانکردن و تێکەڵاوبوون و بەریەککەوتن و کۆبوونەوە و قەرەباڵغی قەدەغەن".

هەر بەگوێرەی بڕیارەكانی لیژنەكە،"چونە سەرقەبران و پرسەدانان و نۆجەژنە قەدەغەیە، هاوكات هەموو ئاهەنگ و بۆنە و یادێکی خۆشیی و ناخۆشیی کە تێکەڵاوبون و بەریەککەوتن دروست بکات قەدەغەیە".

ئاماژەبەوەشکراوە،"قوربانیکردن لە شەقام و کۆڵان و گەڕەک و شوێنە گشتییەکاندا بە هەمو شێوەیەک قەدەغەیە، زانایانی ئاینی ئیسلام و بانگبێژی مزگەوتەکان لەکاتی بانگی نوێژەکاندا لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە داوای پابەندیی و خۆپارێزیی تەندروستیی لە هاوڵاتیان دەکەن."

روونیشیکردووەتەوە، "هاتنی گەشتیار بۆ سنوری کارگێڕی پارێزگای سلێمانی لە پارێزگاکانی تری هەرێمی کوردستان و عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە قەدەغەیە."

ئەوەش هاتووە،"سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و بەشی لابردنی زیادەڕەویی شارەوانیی بەپێی یاساو ڕێنماییەکان ڕێکاری پێویست بەرامبەر هەر سەرپێچی و لادان و زیادەڕەوییەک دەگرنەبەرو ئەرکی هەمو هاوڵاتیان و دامودەزگا حکومییەکان و دامەزراوە دادوەرییەکان و کەرتی تایبەتە هاوکارو هەماهەنگیان بن."

راشیگەیاندووە، "لیژنەی تایبەت بە بەدواداچون و چاودێریکردن و لێپرسینەوە لەسەر ئاستی یەکە کارگێڕییەکان پێکدەهێنرێت بۆ چاودێریکردنی ئاستی پابەندبونی فەرمانگا دەوڵەتییەکان بە بڕیارو ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستییەکانەوە و سەرپێچیکار و کەمتەرخەم ڕوبەڕوی ڕێکاری کارگێڕی و یاسایی دەکرێتەوە."

لە كۆتایی بڕیارەكاندا هاتووە،"دەسەڵاتی تەواو دەدرێت بە سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ دەرکردنی هەر ڕێکارو ڕێنماییەکی پێویست بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا و بەڕێوەبردنی شیاوانەی جەژنی قوربانی پیرۆز."

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا