وەزارەتی تەندروستی لەسەر قوربانیکردن لەرۆژانی جەژندا هۆشداری دەدات

کوردستان 27/07/2020

Alternate Text

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، سەربڕینی ئاژەڵ لەناو ماڵان بۆ قوربانی لە رۆژانی جەژندا بەهەمووشێوەیەک قەدەغەیە، دەبێت هاوڵاتیان بەركەوتنی راستەوخۆیان نەبێت.

محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (BMC) راگەیاند، پێشتر لەناو ماڵان قوربانی قەدەغە بوو تەنها لەكوشتارگەكان دەكرا، بۆ ئەمساڵ بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، سەربڕینەكە دەكەوێتە ئەستۆی تەندروستی پارێزگا و شارەكان ئەگەر بتوانن شوێنێك دابین بكەن بۆ هاوڵاتیان كە بەركەوتنیان نەبێت و قوربانییەكە نەبێتە مەترسی گواستنەوەی پەتاكە، چونكە خودی ئاژەڵەكان بۆ كۆرۆنا مەترسیدار نین و هەڵگری ئەو ڤایرۆسە نین.

محەمەد قادر روونیشیکردەوە، مەترسییەكە ئەوەیە ئەو كەسانەی قوربانی دەكەن پێویستە پشكنینان بۆ كرابێت و هەڵگری هیچ جۆرە نەخۆشییەكی دیكە نەبن و نابێت تێكەڵی هیچ كەسێكی دیكە ببن، تەنانەت بۆ وەرگرتن و گواستنەوەی گۆشتەكە بەهەمانشێوە، نابێت بەركەوتنی راستەوخۆ هەبێت.

رۆژی هەینی ٣١ی تەمووزی ٢٠٢٠، یەكەم رۆژی جەژنی قوربانە كە چوار رۆژ دەخایەنێت و بەپێی نەریتی ئاینی ئیسلامیش، هاوڵاتیان قوربانی دەكەن واتە ئاژەڵ سەردەبڕن و گۆشتەكەی بەسەر هەژاراندا دابەشدەکەن.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا