لە ئێستادا تەنیا رێگا بەم کەسانە دەدرێت سەردانی ئێران بکەن

کوردستان 28/07/2020

Alternate Text

سەرپەرشتیاری دەروازەی سنووریی نێودەوڵەتیی باشماخ رایدەگەیێنێت، بۆ هاتووچۆکردنی خەڵكی لەگەڵ ئێران، دوو دەروازەی نێودەوڵەتی كراونەتەوە دەشڵێت، رێگا بە کەسانی نەخۆش و بازرگانەکان دەدرێت بچن بۆ ئێران.

لیوا مەریوان شێخ كەمال، سەرپەرشتیاری دەروازەی سنووریی نێودەوڵەتیی باشماخ بە (BMC) راگەیاند، کردنەوەی ئەو دوو دەروازەیە بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە، هاتنەناوەوەش تەنیا بە وەرگرتنی مۆڵەت لە رێگەی ئەلیكترۆنی دەبێت، لەکاتی هاتنەناوەوە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەو کەسانە دەبێت پشکنینی کۆرۆنا بکەن".

وتیشی، "مۆڵەتی هاتووچۆ بۆ خەڵكی لە رۆژی دووشەممە ٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٠، بووە ‌و لەیەكەم رۆژیشدا تەنیا لە دەروازەی باشماخ ٨٦ كەس هاتوونەتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان، بەشێك لەو کەسانەش ئێرانی بوون".

روونیشیکردەوە، "هیچ كەسێك بەبێ‌ پشكنینی كۆرۆنا ناتوانێ‌ هاتووچۆ بكات، ئێمە تەنیا پشت بەو پشكنینانە دەبەستین كە خۆمان دەكەین، نەك ئەوانەی لەئێران دەكرێن".

ئاشکراشیکرد، "دوو جۆر کەس دەتوانێت هاتووچۆی ئێران بکات لە ئێستادا، ئەوانیش ئەو کەسانەی بەهۆی نەخۆشییەوە روودەکەنە ئێران لەگەڵ ئەوانەی بەمەبەستی کاری بازرگانی دەچن واتە بازرگانن، ئەویش تەنیا بە وەرگرتنی مۆڵەت لە رێگەی ئەلیكترۆنی دەبێت".

بۆ هاتووچۆ خەڵكی لەگەڵ ئێران، هەرێمی كوردستان سێ‌ دەروازەی نێودەوڵەتی هەیە، ئەوانیش باشماخ، حاجی ئۆمەران ‌و پەرێزخانن، بەڵام ئێستا تەنیا لە هەر دوو دەروازەی باشماخ ‌و حاجی ئۆمەران رێگە بە هاتووچۆكردن دەدرێت. هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستانیش دەتوانن لەو دوو دەروازەیەوە سەردانی  ئێران بکەن.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا