كۆسرەت رەسول و بەرهەم ساڵح بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كۆبوونەوە

کوردستان 28/07/2020

Alternate Text

سەرۆککۆمار بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٠/٧/٢٨ لە شاری سلێمانی پێشوازیکرد لە کۆسرەت ڕەسول عەلی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

لە دیدارەکەدا دوا گۆرانکارییە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و چەند پرسێکی گرنگ گفتوگۆی تێروتەسەلی لەبارەوەکرا.

ھەر لە دیدارەکەدا ھەردوولا جەختیانکردەوە لە پێویستی ھەماھەنگی لە نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکانی ئێستا، بە ئاڕاستەی بەرژەوەندی پرۆسەی سیاسی و ھێنانەدی داوا رەواکانی خەڵک لە ژیانێکی ئارام و خۆشگوزەرانی شایستە.

سەبارەت بە بژێوی ژیانی ھاووڵاتیان و مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی ھاوڕابوون لەسەر چارەسەرکردنی ئەو پرسە لە نێوان ھەردوولا حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و گەیشتن بەرێگاچارەی کۆتایی، لەسەر بنەمای دەستور و پاراستنی بەرژەوەندی مووچەخۆران و بژێوی ژیانی ھاووڵاتیان بێ جیاوازی.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا باس لە پرسە سیاسییەکانی ئەم دواییە کرا و دووپاتکرایەوە لەگرنگی ھاندانی لایەنە سەرەکییەکان بۆ ئەنجامدانی دیالۆگ و گفتوگۆی جددی بۆ گەیشتن بە چارەسەری گونجاوی ھاوبەش بۆ دەرچوون لەو دۆخە چەقبەستووەی ئێستا و ئەنجامدانی چاکسازییە گرنگەکان بۆ خزمەتکردنی خەڵک.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا