مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراق ده‌ڵێت "وڵات پێویسته به ئیراده‌ى گه‌ل بونیادبنرێت و به‌منزیكانه‌ش كاتى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت راده‌گه‌یه‌نین".
مسته‌فا كازمى له په‌یامێكی ڤیدیۆییدا باسی له ره‌وشی ئێستای عیراق كرد و جه‌ختیكرده‌وه، عیراق پێویستی به‌وه‌یه به ئیراده‌ى گه‌ل بونیادبنرێت نه‌ك به ئیراده‌ى دز و له یاسا ده‌رچوه‌كان و ئه‌وانه‌ى پڕوپاگه‌نده بۆ ئاژاوه ده‌كه‌ن.
وتیشی "هیچ شتێك نییه ئیراده‌ى گه‌ل ده‌ربڕێت و باشتربێت له هه‌ڵبژاردنێكى ئازادانه و بێگه‌رد، بۆیه به‌منزیكانه كاته‌كه‌ى راده‌گه‌یه‌نم".
هه‌روه‌ها سه‌رۆك وه‌زیران پێداگیری كرد له‌وه‌ی ساڵانێكی زۆر له كاولكاریی و گه‌نده‌ڵی و خراپ ئیداره‌دان به شه‌و و رۆژێك چاره‌سه‌ر نابێت. جه‌ختیشی له‌وه‌كرده‌وه خۆپیشاندانی گه‌نجان مافێكی ره‌وایه و هێزه ئه‌منییه‌كان مافی ئه‌وه‌یان نییه ته‌نانه‌ت یه‌ك گوللـه به‌ڕویاندا بته‌قێنن.
مسته‌فا كازمی له په‌یامه ڤیدیۆییه‌كه‌یدا وتیشی، "هه‌ست به ئازارێكی گه‌وره ده‌كه‌م كاتێك كه گه‌له‌كه‌م له‌ناو گه‌رما ده‌بینم به‌هۆی كاولكاریی و خراپ ئیداره‌دان له كاره‌بادا، هیواده‌خوازم ئه‌گه‌ر به‌ده‌ستم بووایه چاره‌سه‌رێكی سیحراوییم بكردبایه، به‌ڵام به‌داخه‌وه، ساڵانێكی زۆر له كاولكاریی و گه‌نده‌ڵی و خراپ ئیداره‌دان به شه‌و و رۆژێك چاره‌سه‌ر نابێت، ویژدان له‌وه‌دا نییه داوا له حكومه‌تێك بكه‌ن، كه ته‌مه‌نی راسته‌قینه‌ی ته‌نها دوو مانگه باجی ئه‌و فه‌رهود و تاڵانییه بدات، كه گروپ و حكومه‌ته‌كانی پێش‌و كردویانه".