دوای تێپەڕبوونی چەند رۆژێک بەسەر سووتانی ژمارەیەک لە دووکانەکانی بازاڕی سیمی شاری هەولێر بڕیاری نۆژەنکردنەوەی درا.
نوسینگەی پارێزگاری هەولێر بڵاویکردووەتەوە، بڕیاردراوە لەسەر بودجەی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووکانەکان بە شێوەیەکی کاتی نۆژەن بکرێنەوە.
روونیشیکردووەتەوە، بۆ گواستنەوەی بازاڕەکە و دروستکردنی بازاڕێکی مۆدێرن و سەردەمیانە بە میکانیزمێکی گونجاو و رەزامەندی کاسبکاران، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا ئەوشوێنەی کە دەستنیشاندەکرێت بۆیان، تەواوی خزمەتگوزارییەکانی وەک تۆڕەکانی (ئاو، کارەبا، قیڕتاوکردنی شەقامەکانی، سیستەمی بەرگری شارستانی) لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابینبکرێت.
هەینی رابردوو، لە رووداوێکی ئاگر کەوتنەوەدا نزیکەی ٣٠٠ دوکانی بازاری سیم لە گەڕەکی کوردستانی شاری هەولێر سووتان.