بەهۆی ریفراندۆمەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ عه‌مید سه‌رحه‌د دەرکرا

کوردستان 29/07/2020

Alternate Text

بەشی کاروباری ناوخۆ و ئاسایشی پارێزگای دیالە سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ناوخۆ و ئاسایش لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بەڕێوبەری پێشووی پۆلیسی قەزاو ناحییەکانی کەرکووک دەرکرد.

بەڕێوبەری پێشووی پۆلیسی قەزاو ناحییەکانی کەرکووک، عەمید سەرحەد قادر لەسەر ئەو نووسراوەی بەشی کاروباری ناوخۆ و ئاسایشی دیالە کە بە واژۆی عەمید ئەعقوب یوسف رازی دەرچووە بە (BMC) راگەیاند، "مانگانە چوار بۆ پێنج نووسراوی وەزارەتی ناوخۆ و دادگا و پۆلیسیم پێدەگات کە داوای ناونیشان و شوێنی نیشتەجێبوون و چوونم بۆ بەردەم دادگا دەکەن، لە سەرجەم ئەو نووسراوانەشدا بەتاوانی بەشداریکردنم لە پرۆسەی ریفراندۆم داواکراوم".

سەرحەد قادر ئاشکراشیکرد، "ئەگەر حکوومەتی هەرێم نایەوێت پشتگیرییمان بکات ئەوا با رایبگەیەنێت بۆ ئەوەی خۆمان کاری جددی بکەین و هەوڵی خۆمان بدەین، من دڵنیاشم ئەم کەیسەی دژی من جوڵاوە سیاسییە و خەڵکانێک لەپشت ئەو کەیسەوەن و کەیسەکە دەجوڵێنن ئەگەرنا پۆلیسی دیالە چ پەیوەندی بە کەرکووکەوە هەیە تا لەوێ فەرمانی دەستگیرکردنم بۆ دەربکەن".

دەشڵێت، ئەو کاتە سەرکردە سیاسییەکانی کورد هەموو بە تێکڕا بڕیاریان دا ریفراندۆم بکرێت، بینیمان بەیانی رۆژی ریفراندۆم هەموو سەرکردەکانی کورد رکابەری ئەوەیان بوو کە کێ پێش ئەوی تر دەنگبدات و دەنگ بەرزبکاتەوە، بەڵام ئێستا ریفراندۆمەکە بەسەر ئێمەدا شکاوەتەوە، ئێستا وایلێهاتووە لە کوردستاندا دەڵێی تەنها من ریفراندۆمم کردووە، من دراوم بە دادگا.

وتیشی، بەداخەوە بۆ دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەوانەی خاوەنی ریفراندۆم بوون، ئێمە لەسەر ریفراندۆم تووشی ئەو هەموو کێشەو موشکیلە و دەربەدەرییە بووین، مانگانە چوار بۆ پێنج نوسراومان پێدەگات، کە کەسانێک خۆیان بە خاوەنی دەزانی ئێستا ناتوانن پشتگیریمان لێبکەن، دەسەڵاتدارانی هەرێم پێیان شەرمە بەرگریمان لێبکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستا دەسەڵاتدارانی هەرێم هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە لەسەرم، ئەو دەڵێت، ئەگەر دەسەڵاتدارنی هەرێم هەڵوێستیان هەبوایە ئەو کێشەیە چارەسەردەکرا، ئەوان لەسەر دانانی وەزیرێک شەڕی دنیا دەکەن بۆ وەرگرتنی پۆستێک بۆخۆیان سێ جار وەفدێک دەچێتە بەغدا، بەڵام لەسەر کەسێک کەلەسەر ریفراندۆم ئەوان بڕیاریان لەسەرداوە تووشی کێشە بووین دەبوایە لە یەکێک لە دانیشتنەکاندا ئەم کێشەیەی ئێمەش باسکرایەو بۆمان چارەسەر بکرایە.

عەمید سەرحەد قادر لەسەر چوونی بۆ بەردەم دادگا دەڵێت، "ئەگەر دادگایەکی عادیلانە و سەربەخۆ بێت ئەوە من ئامادەم بچمە بەردەم دادگا، ئەوەتا حکوومەتی فیدڕالی دادگایان هەیە لە کەرکووک کە بەرپرسە لە هێزەکانی پاسەوانی سنوور کە لە هەولێر جێگیرکراون، ئەگەر کەیسەکەم بنێرنە ئەوێ ئەوە من ئامادەم بچمە بەردەمی، ئەگەر لەسێدارەشم بدەن قبوڵمە بۆ ئەوەی خەڵکی دیکە دوایی نەڵێن ئێمە خاوەنی ریفراندۆمین، لەبەردەم پەتی سێدارەیە هاوار ئەکەم ئەوە منم باجی ریفراندۆمم داوە کەس خاوەنی نییە من نەبیت لەبەر ئەوەی تاکەکەس لە کوردستان منم فەرمانی گرتنم بۆ دەرچووە بەهۆی ریفراندۆمەوە".

بەڕێوبەری پێشووی پۆلیسی قەزاو ناحییەکانی کەرکووک ئاماژەی بەوەشکرد کە لەدوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە کە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە مووچەکەیان بڕیووە و مووچەی وەرنەگرتووە، و رایگەیاند، "تائێستا پلەکەم نەگوازراوەتەوە سەر میلاکی هەرێمی کوردستان و لەئیستادا سەرقاڵی ژیانی ئاسایی خۆمم".

بەشی پۆلیسی ناوشار سەربە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکووک لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی سەرجەم بنکەکانی پۆلیسی کردووە، تیایدا ئاماژەی بە نووسراوی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک ژمارە ٥٧٣٤ لە رێکەوتی ٢٠٢٠/٧/٢٠ کردووە کە هاوپێچی نووسراوی  بەشی کاروباری ناوخۆ و ئاسایشی دیالە ژمارە ٧٧/٤٣٥٧/٦٩٩ لە رێکەوتی ٢٠٢٠/٧/٦ دەرچووە و رەوانەی پۆلیسی کەرکووک کراوە، بەپێی ماددەی ٢٢٢/١ لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ لەساڵی ١٩٦٩، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەریەک لە عەمید سەرحەد قادر محەمەد ئەمین و عەقید کامەران عەلی حەمەڕەشید و جێگری عەریف پشتیوان غێدان حەمەزێدان دەرکراوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا