ئەنجومەنی وەزیران: دابینکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران ئەرکی لە پێشینەمانە

کوردستان 29/07/2020

Alternate Text

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە و رایگەیاند، پێشوازی لەو کەشە ئەرێنی و لەیەکگەیشتنە دەکات کە لە ئەنجامی گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هاتوەتە ئاراوە بۆ نەهێشتنی گرژییەکانی ناوخۆ، دەشڵێت، لە پلان و ھەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ روبەڕوبونەوەی قەیرانی دارایی و بە تایبەتیش "دابینکردنی شایستەی دارایی موچەخۆران کە ئەرکی لە پێشینەمانە".

فەرمانگەی میدیای و زانیاری بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەشداریی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبوەوە. 
 
لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران باسی ئەو کەشە ئەرێنی و لەیەکگەیشتنەی کرد کە لە ئەنجامی گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هاتوەتە ئاراوە بۆ نەهێشتنی گرژییەکانی ناوخۆ و بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، دەستخۆشی لەو گفتوگۆ و دیدارانە کرد کە هەنگاوێکی گرنگە، بۆ یەکڕیزی و پشتیوانیکردنی زیاتر لە حکومەتی هەرێمی کوردستان.  

دواتر سەرۆکی وەزیران ئاماژەی بە گرنگیی ئامادەبونی وەزیرانی حکومەت لە دانیشتنی تایبەتی پەرلەمانی کوردستاندا و بە ناوی ئەنجومەنەوە، سوپاسیکردن بۆ خستنەڕوی زانیاریی و رونکردنەوەی بابەتەکانی پەیوەست بە پرسیاری پەرلەمانتارانی کوردستان، ستایشی ئەو  هەماهەنگی و کارکردن بە گیانی یەک تیمی کرد، کە لە نێو کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە.
 
 پاشان ھەریەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان بە پێی تایبەتمەندیی، پوختەی پرسیار و سەرنجی پەرلەمانتارانیان لە دانیشتنی پەرلەمان لە رۆژانی 27- 28 ی تەمموزی 2020 بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕو، لەسەر تەوەرەکانی تایبەت بە دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم و بەرەنگاربونەوەی مەترسییەکانی پەتای کۆرۆنا ڤایرۆس و دواتریش بابەتی دۆخی دارایی و ئابوری ھەرێم و دوا پێشھاتەکانی دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی. 

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر دوایین ئەنجامەکانی گفتوگۆی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی و ئاماژەی بەوە دا، کە گفتوگۆ و دانوستان بەردەوامە و حکومەتی ھەرێم دوپاتی پابەندبون بە ئیلتزامە دەستورییەکانی خۆی دەکاتەوە لە بەرامبەر دابینکردنی ماف و شایستە دەستورییەکانی ھەرێم، چەندین پێشنیاریش بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن ئالوگۆڕکراون و ھیوای خواست لە نزیکترین دەرفەتدا، دوای پشوەکانی جەژن بگەینە رێکەوتنێکی ھاوسەنگ کە بەرژەوەندی هەردوولای تێدا پارێزراو بێت.  
ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی لە پلان و ھەوڵەکانی خۆی بەردەوام دەبێت بۆ روبەڕوبونەوەی قەیرانی دارایی و بە تایبەتیش دابینکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران کە ئەرکی لە پێشینەمانە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا