دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلێک لەژنێکیداو دوای گەیاندنی بەنەخۆشخانە گیانیلەدەستدا، دوای رووداوەکە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە ھەڵھات، دواتر لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکرا.
پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ لەشەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود، نزیک سیتییەکانی گۆیژە، ئۆتۆمبێلێک لەئافرەتێکی داو دواتر ھەڵھات، دوای گەیشتنی ھێزەکانی پۆلیس و تیمە فریاگوزارییەکانی دیکە بۆ شوێنی رووداوەکە، ژنەکە گەیەندرایە نەخۆشخانە، بەڵام بەھۆی سەختی برینەکەیەوە گیانیلەدەستدا.
دواتر ھێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکرد بۆ دۆزینەوەی شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە، توانرا لەماوەی کەمتر لەدوو کاتژمێردا لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ئازادییەوە ئۆتۆمبێلەکە بدۆزرێتەوەو شۆفێرەکەش دەستگیر بکرێت.
لەئێستادا تۆمەتبارەکە بەبڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە راگیراوەو لێکۆڵینەوە لەرووداوەکە بەردەوامە.