رۆژانی جەژن ئەم ناوچە گەشتیارییەی هەرێم بەڕووی گەشتیاراندا کراوە دەبێت

کوردستان 30/07/2020

Alternate Text

ساڵانە و بەتایبەت لەکاتی بۆنەکاندا بەڕێژەیەکی بەرچاو گەشتیار و ھاووڵاتییان روو دەکەنە ناوچەی گەشتیاری دوکان، ئەمساڵیش لە جەژنی قورباندا پێشبینیدەکرێت گەشتیارێکی زۆر روو لە ناوچە گەشتیارییەکانی دوکان بکەن.

بۆ ئەو مەبەستە ئامادەکاری کراوە و سەرجەم پڕۆژەکان کراوە دەبن و لە ڕێگەی چەند لیژنەیەکەوە چاودێری ناوچە گەشتیارییەکان و بازاڕی گشتی دوکان دەکرێت و لیژنەی چاودێری گەشتوگوزاریش ئامادەیی دەبێت.

بەپێی هەواڵێکی ڕاگەیاندنی قائیمقامییەتی قەزای دووکان لەبارەی ئامادەکارییەکانیانەوە سیروان سەرحەد قایمقامی قەزای دووکان رایگەیاند، چاوەڕێدەکرێت ژمارەیەکی بەرچاو لە گەشتیاران لە رۆژانی جەژن و پشووی جەژن سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی قەزای دووکان بکەن، وەک ئیدارەی قەزای دووکانیش ئامادەکارییان کردووە و ھەریەک لە ئاسایشی دووکان و پۆلیسی دووکان و کارمەندانی ھاتووچۆ لە ڕێگەی چەند مەفرەزەیەکەوە دابەشدەبن و پارێزگاری لە سەر و ماڵی ھاوڵاتیان و گەشتیاران دەکەن.

بەرگری شارستانی دووکان تیمی مەلەوانییان ئامادەی دەبێت و چاودێری دەریاچەی دووکان و زێی دووکان دەکەن لەپێناو پارێزگاری لە گەشتیاران.

کردنەوەی شوێنە گەشتیارییەکان لەژێر چاودێری ئیدارەی قەزای دووکاندا دەبێت و بەپێی مەرج و رێنماییە تەندروستییەکان مامەڵە دەکرێت.

قائیمقامییەتی قەزای دووکان داوا دەکات ھاووڵاتییان و گەشتیاران رەچاوی دۆخی ئێستای ناوچەکە و ھەرێم بکەن و گرنگی زیاتر بە رێنماییە خۆپارێزییەکان بدەن و گرنگیش بە سروشتی ناوچەکە بدەن بەتایبەت لە رووی پاکژ راگرتنی شوێنە گەشتیارییەکان.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا