له‌باره‌ی فرۆشتنی كاره‌بای هه‌رێم به‌ عێراق روونكردنه‌وه‌ ده‌درێت

کوردستان 30/07/2020

Alternate Text

بەڕێوەبەری گشتی بەرهەمهێنانی كارەبا رایگەیاند ئەو کارەبایەی كە حكوومەتی عێراق لە هەرێمی کوردستان دەیكڕێت، لە کەرتی تایبەت دەكڕدرێت و لە بەشە کارەبای نیشتمانیی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کەم نابێتەوە.

 ئەمەش دوای ئەوەی حكومەتی عێراق رایگەیاند كەمیی كارەبا لە ڕێگەی كڕینی كارەبا لە هەرێم و چەند وڵاتێكی ئیقلیمی پڕ دەكاتەوە، لەمبارەیەوە دیار بابان بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا ڕایگەیاند، “ئەو ٤٥٠ مێگاواتەی باسی لێوە دەكرێت، حكوومەتی عێراق لە كەرتی تایبەت دەیکڕێت، ژمارەیەك یەكەی کارەبا هەن وەستاون و كار ناكەن، بەغدا پارە دەدات بۆ سوتەمەنیی ئەو یەکانە و بەكار دەخرێن”.

ڕوونیشی كردەوە، “حكوومەتی عێراق لەگەڵ وەبەرھێنەرەكان رێككەوتن دەکات، ئەوان دەبنە خاوەن كارەبا، چونكە ئێستا هەرێمی كوردستان سووتەمەنیی پێویستی بۆ بەكارخستنی ئەو یەكانە لەبەر دەستدا نییە، بۆیە ئەوە بەو شێوەیە نییە كە كارەبای نیشتمانی لە هەرێمی كوردستان ببڕدرێت و بدرێتە عێراق“.

بەڕێوەبەری گشتیی بەرھەمهێنانی كارەبای ھەرێمی كوردستان جەختی کردەوە، ”بەرهەمی كارەبای هەرێمی کوردستان ئێستا زیاتر لە ٣ هەزار و ١٥٠ مێگاواتە، ئەو کارەبایە وەکوو خۆی دەمێنێتەوە، ئێمە کارەبامان بۆ فرۆشتن نییە”.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا