كه‌ی كۆتایی به‌ كه‌ره‌نتینكردن بهێنین؟

تەندروستی 30/07/2020

Alternate Text

پزیشكێكی پسپۆڕی هه‌ناو و دڵ له‌باره‌ی كۆتایی هێنان به‌ كه‌ره‌نتینی ماڵه‌وه‌ ده‌ڵێت، پێویسته‌ بەلایەنی كەمەوە ١٠ رۆژ تێپەڕێبێت بەسەر دەستپێكی نیشانەكانی.

د. سوارە عەلی مەولوود پزیشکی پسپۆڕی هەناو و دڵ رایده‌گه‌ینێ، بەگوێرەی دواترین رێنمایی ئەمریكی (ناوەندی کۆنترۆڵکردن و رێگریی لە نەخۆشییەکان - CDC) کۆتاییهێنان بە کەرەنتینە بەمجۆرە دەبێت:

یەکەم: ئەگەر نەخۆشەكە بەشێوەی سووك و مامناوەند تووشی كۆڕۆنا بووبێت و ئەم سێ مەرجەی خوارەوەی تێدابێت، دەتوانێت تێكەڵاوی خێزانەكەی ببێتەوە:

١-بەلایەنی كەمەوە ١٠ رۆژ تێپەڕێبێت بەسەر دەستپێكی نیشانەكانی

٢-بەلایەنی كەمەوە ٢٤ سەعات تێپەڕیبێت و تای نەبێت بەبێ بەكارھێنانی دەرمان بۆ تا دابەزیین وەكو پاراسیتۆل و پرۆفین و هاوپۆلەکانیان

٣-نیشانەكانی دیکەیشی باشبووبن وەكو كۆكە و تەنگەنەفەسی

دووەم- ئەگەر نەخۆشییەكەی بە سەختی گرتبێت، دەتوانێت تێكەڵاو بێت ئەگەر بەلایەنی كەمەوە ٢٠ رۆژ تێپەڕبێت بەسەر دەستپێكی نیشانەكانی، هەروەها مەرجی دووەم و سێیەمی تێدابێت بەڕاوێژ لەگەڵ پزیشکە سەرپەرشتیارەكەی

سێیەم- ئەگەر تەنیا بەپشكنین كۆرۆنای ھەبێت و ھیچ نیشانێكی نەبێت، دەتوانێت دوای ١٠ رۆژ كۆتایی بەكەرەنتینەی ماڵ بھێنێت

تێبینی- پشكنینی كۆرۆنا لەڕێگای سوابی لووت Rt-PCR بۆ بڕیاردان لە تێکەڵبوونەوە، تەنھا بۆ كەسانێك بەكاردێت كە بەرگری لەشیان زۆر لاوازە وەكو نەخۆشانی شێرپەنجە و نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلە... تاوەکو بزانرێت كەی تێكەڵاو ببنەوە، چونکە ئەم كەسانە بۆی ھەیە درەنگتر چاكببنەوە.

ئاگاداربە: پشکنینی خوێن بەكارنایەت بۆ ئەوەی بڕیاری چاكبوونەوەی لێ بدرێت، تەنھا ئەگەر پێویستی كرد سوابی لووتەكە دەبێت دوو رۆژ بەدواییەكدا نێگەتیڤ بێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا