لە قەزای پشدەر پۆلیس دەست بەسەر زیادتر لە دوو کیلۆ ماددەی هۆشبەردا دەگرێت و چەند کەسێکیش بە تۆمەتی بازرگانیکردن پێوەی دەستگیردەکات.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین بڵاویکردووەتەوە، هێزەکانمان لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر پاش بەدەستهێنانی زانیاری و بەدواداچونی ورد باندێکی بازرگانی کردنیان بە ماددە هۆشبەرەکان لە ماڵێکدا دەستگیرکرد کە پێکهاتبوون لە سێ کەس، وە دوای گەڕان و پشکنین لە ماڵەکەدا دەستیشگیرا بەسەر ماددەی هۆشبەردا.
روونیشیکردووەتەوە، هاوکات دەستگیراوە بەسەر دوو کیلۆ و ٦٠٠ گرام لە ماددەی هۆشبەر لە جۆرەکانی ( هێرۆین و کریستاڵ) لەگەڵ ( ١٠٤هەزار و ٧٦٢) دەنک حەبی جۆراوجۆر کە بە شێوەیەکی نایاسایی هاوردەی هەرێم کراون، لەگەڵ ئەوانەشدا دەست گیراوە بەسەر ( ٤١ فیشەکی دەمانچە و یەک فیشەکی کڵاشینکۆف و دوو شانەی دەمانچە ).
جەختلەوەشکراوەتەوە، بە بڕیاری دادوەر و بە ماددەی١٤ لە یاسایی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان سەرجەمیان ڕاگیرکراون، دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕێکخراوە و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە.