لاهور شێخ جەنگی لە شاری سلێمانی سەردانی کۆسرەت رەسوڵی کرد لە کۆبوونەوەیەکیشدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هێزە سیاسییە كوردییەكان و پاراستنی یەكڕیزیی ناوماڵی كورد و رەخساندنی كەشێكی ئارام و لەبار بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەو گرفتەكان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣٠ی تەمموز لە شاری سلێمانی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی سەردانی کۆسرەت رەسوڵ سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی كرد، لە کۆبوونەوەیەکیشیاندا کە شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ئامادەی بوو لاهور شێخ جەنگی پیرۆزبایی جەژنی قوربانی لە كۆسرەت رەسوڵ عەلی كرد و پێكەوە بیروڕایان ئاڵوگۆڕكرد لەبارەی بابەتە گرنگ و هەنووكەییەكانی ئەمڕۆی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاورابوون لەسەر پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هێزە سیاسییە كوردییەكان و پاراستنی یەكڕیزیی ناوماڵی كورد و رەخساندنی كەشێكی ئارام و لەبار بۆ چارەسەركردنی هەموو ئەو كێشەو گرفتانەی كە لە ئارادان، ئەوەش لە پێناو باشتركردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.