بەیانی ئەمرۆ، بەمەبەستی جەژنە پیرۆزە ، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ، لیوای یەکی پیادەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لە شارۆچکەی قەرە هەنجیری سەر بە پارێزگای كەركوك بەسەركردەوە
لەمیانی ئەو سەردانەدا ، لاهور شێخ جەنگی، لەگەڵ پێشمەرگە و فەرماندەکاندا بەشداریی خوانی جەژنی کرد و پیرۆزبای جەژنی لەسەرجەم فەرماندە و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و سەرجەم موسوڵمانانکرد و رایگەیاند "لەپەروەردگاری مەزن دەپاڕێینەوە كەئەم بۆنە پیرۆزەمان بۆ بكاتە دەروازەی خۆشییو خۆشەویستییو خۆشگوزەرانیی و ئەم بۆنەیە لەگەڵ خۆیدا ئەم دۆخە چەقبەستوە تێپەرێنێت وئایندەیەکی گەش بێنێتە ئاراوە کە شایستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانبێت
دواتر لە کۆبونەوەیەکدا ، لاهور شێخ جەنگی لە بارودۆخی هێزەکانی پێشمەرگەی کۆڵییەوە و رایگەیاند ، "پێشمەرگە هێما و ناسنامەی گەلی کوردە و ئەو ئازادیی و دەستکەوتانەی ئەمرۆ بە خەباتی دوور و درێژیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بە خوێنی هەزاران شەهیدی ئەم گەلە هاتۆتەدی ، ئەمرۆش پێشمەرگە پارێزەری خاک و گەلی کوردستانە و بەپێی دەستوری عێراقیش هێزێکی نیزامیە ، هەر بۆیە هەموومان شانازیی بە هێزەکانی پێشمەرگەوە دەکەین
لەبەشێکی تری کۆبونەوەکەدا لاهور شێخ جەنگی ، جەختیکردەوە لەسەر باشترکردنی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە و دابینکردنی پێداویستیەکانیان و بەڵێنیدا کە وەک چۆن لە رابردوودا بە هەموو توانایەکەوە پشتیوانی هێزەکانی پێشمەرگە بووە ، ئاواش لە داهاتوودا پارێزەر و داکۆکیکارێکی سەرسەخت دەبێت بۆیان.
لە لێدوانێکیشدا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی ، لاهور شێخ جەنگی وتی ،"پیرۆزبایی ئەم جەژنە لە پێشمەرگە دەکەین کە لە سەنگەرەکاندا خۆراگرانە وەستاون بە بێ موچە، ئەمرۆ لەگەڵ کاک مەستەفا چاورەش و هەندێک لە هەڤاڵان بریارماندا سەردانی هێزەکانی پێشمەرگە بکەین و نانی جەژن لەگەڵ پێشمەرگە بخۆین ، بەهیوای ئەوەی ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی و کەمکردنەوەی مەینەتیەکانی میللەتەکەمان"
لەبارەی پشتیوانی بۆ کەرکوکیەکانیش لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند " ئێمە لەگەڵ کەرکوکیەکانین"