بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان رایگەیاند، ئامارەکانی توشبوانی کۆرۆنا دەریدەخەن رۆژ دوای رۆژ ژمارەی توشبون بە نەخۆشی کۆرۆنای نوێ لە گەرمیان رو لە کەمبونە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا بەناونیشانی "با پارێزگاریی بکەین لە کەمبونەوەی کۆرۆنا" بڵاویکردەوە، "خۆشبەختانە ئامارەکانی توشبوانی کۆرۆنا دەریدەخەن رۆژ دوای رۆژ رێژەی توشبون بە نەخۆشی کۆرۆنای نوێ لە گەرمیان رو لە کەمبونە، ئەمەش نابێت ھاوڵاتیان دڵسارد بکاتەوە لە پابەندبون بە رێنماییەکان و خۆپارێزی".
ئاماژەی بەوەشکردوە، پێویستە هاوڵاتیان بەردەوام بن لەو رێکارە خۆپارێزیانە بۆ ئەوەی رێژەکە تا ئاستی نەمان کەم ببێتەوە، پێکەوە لەسەر رێچکەی کەمکردنەوە و نەھێشتنی ڤایرۆسی نەخۆشیەکە بەردەوام بن.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا کۆی ژمارەی توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشوەتە 14 هەزار و 134 توشبو، تا ئێستا نۆ هەزار و 177 کەس چاکبونەتەوە و چوار هەزار و 406 کەسیش لە نەخۆشخانە ماون، هاوکات 551 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.