دوای زیاتر لە هەفتەیەک لە توشبونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تا ئێستا هونەرمەند سابیر کوردستانی لە نەخۆشخانەی ئاسا لە شاری سلێمانی لە ژێر چاودێری تەندروستیدایە و بەپێی وتەی کوڕێکی، دۆخی دەرونی و تەندروستی نا جێگیرە.
هاوڕێ سابیر کوردستانی کوڕی ناوبراو راگەیاند، "تا ئێستا رەوشی تەندروستی باوکم جێگیر نیە و بەبێ بونی ئۆکسجین ناتوانێت هەناسە بدات و دۆخی دەرونی و تەندروستی جێگیر نیە".
ئاماژەی بەوەشکرد، نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای بە چڕی تیادایە وەک کۆکە و تەنگەنەفەسی و پزیشکەکانیش دەڵێن، "ئیلتیهاباتی سنگی هەیە و ناڕەحەتی کردوە، ئەگەریش هەیە تا دو مانگ بەردەوامبێت".
هاوڕێ سابیر کوردستانی بە نیگەرانییەوە باسی لەرەوشی تەندروستی باوکی کردو وتی، "پێشتر باوکم حەساسییەتی سنگی هەبو، ڤایرۆسەکەش زۆر کاری لێکردوە و بەجۆرێک وایلێکردوە توانای هەستانی لەسەر جێگەکەی نەبێت و لە ئێستاشدا بەردەوام چاودێری دەکەین و ئاگامان لێیەتی".