بۆ یەکەمجار بەهۆی کۆرۆناوە گیانلەدەستدان لە دهۆکیش تۆمارکرا

کوردستان 02/08/2020

Alternate Text

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دھۆك رایگەیاند، شەوی رابردو دوو توشبوی كۆرۆنا كە هەردوکیان پیاون و تەمەنیان ٦٣  و ٦٦ ساڵانە و خەڵكی بەردەرەشن، گیانیان لەدەستدا، بەوەش بوونە یەکەمین دوو حاڵەتی گیان لەدەستدان لە پارێزگاکەدا.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دھۆك لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، درەنگانی شەوی رابردو دو هاوڵاتی کە لە رەگەزی نێرن و خەڵكی بەردەرەشن و تەمەنیان ٦٣ ساڵان و ٦٦ ساڵانە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.

تۆمارکردنی ئەو دو حاڵەتەی گیان لەدەستدان بەهۆی کۆرۆناوە لە پارێزگای دهۆک بۆ یەکەمجارە لە دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگاکە، تا ئێستاش ٥٨١ کەس توشی ڤایرۆسەکە بون و ٣٦٢ کەسیش چاکبونەتەوە.

هاوکات وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەیەکدا بڵاویکردەوە، شەوی رابردو سامان شکاک، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا لە شاری هەولێر بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی لەدەستداوە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا کۆی ژمارەی توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشوەتە ١٤ هەزار و ١٣٤ توشبو، تا ئێستا نۆ هەزار و ١٧٧ کەس چاکبونەتەوە و چوار هەزار و ٤٠٦ کەسیش لە نەخۆشخانە ماون، هاوکات ٥٥١ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا