تەندروستی هەولێر "مەترسییەکی گەورە" ئاشکرادەکات

کوردستان 02/08/2020

Alternate Text

وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایەتی ته‌ندروستی هه‌ولێر رایگەیاند، لەچەند رۆژی رابردودا ژمارەی توشبوانی کۆرۆنا لە سنوری پارێزگای هەولێر بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردوە، ئەوانەشی پشکنین دەکەن باری تەندروستیان سەختە و نیشانەکانی توشبون بە کۆرۆنایان هەیە.

بژار موسا، وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایەتی ته‌ندروستی هه‌ولێر به‌ (BMC) راگه‌یاند، "لەبەر ئەوەی لە ئێستادا ئەو کەسانەی سەردانی ناوەندەکانی پشکنینی تایبەت بە کۆرۆنا دەکەن، زۆرینەیان نیشانەکانی توشبونی پەتاکەیان هەیە، بۆیە بڕیارماندا نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا وەک نەخۆشخانەیەکی دیکە لە پاڵ نەخۆشخانەی رزگاری بۆ چاودێریکردنی توشبوانی کۆرۆنا بەکاربهێندرێت".

روونیشیکردەوە، نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا لە دوو رۆژی داهاتودا توشبوانی کۆرۆنا وەردەگرێت و دەتوانرێت ١٠٠ توشبو لەخۆبگرێت، لەکاتی بەرزبونەوەی زیاتری ژمارەی توشبوانیشدا تا ١٦٠ توشبوش لە خۆدەگرێت کە "ئومێدەوارین نەگاتە ئەو ئاستە".

 بژار موسا ئاشکراشیکرد، "بەداخەوە لەم چەند رۆژەی رابردودا ژمارەی توشبوانی کۆرۆنا لە بەرزبونەوەیەکی زۆردایە، زۆرینەی ئەوانەی سەردانمان دەکەن باری تەندروستیان سەختە و نیشانەکانی توشبون بە کۆرۆنایان هەیە".

سەبارەت بە ئۆکسجینی پێویست بۆ نەخۆشەکان، وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایەتی ته‌ندروستی هه‌ولێر وتی، "سوپاس بۆ خوا کێشەی ئۆکسجین لەسەرەتاشدا نەبووە، بەڵام بەشێوەیەکی دیکە لێکدرایەوە و لە ئێستاشدا هیچ کێشەیەکی ئۆکسجینمان نیە و سوپاسی پشتیوانییەکانی حکومەتی هەرێم بەتایبەت رێزدار جەنابی کاک مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت، تیمی حکومەت و وەزارەتی تەندروستی و تەواوی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی دەکەین".

ئەوەشی خستەڕوو، "لەبارەی تەرخانکردنی گوژمەی ملیارێک دینار بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر ئێمە سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەکەین، ئەو بودجەیە دەبێتە هاوکارییەکی باش بۆ ئێمە تاوەکو بتوانین لە نوێکردنەوەی و دابینکردنی پێداویستی تەندروستی، بەهێزکردنی سیستەمی تەندروستی و باشتر خزمەتکردنی توشبوانی کۆرۆنا سودی لێوەربگرین، ئومێدەواریشین هاوڵاتیان هاوکارمان بن و زیاتر پابەندبن بە رێنماییەکان تاوەکو لەو دۆخە سەختەی لەناویدا بتوانین بە ئاسانتر تێیپەڕێنین".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا