به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی گه‌رمیان رایگه‌یاند كه شه‌وی رابردوو له ناحه‌ی رزگاریی سه‌ربه قه‌زای كه‌لار، كه‌سێك ته‌قه‌ی له ئامۆزایه‌كی خۆی كردوه و له ماڵه‌كه‌ی خۆیدا كوشتویه‌تی.
عه‌لی جه‌مال قدوری، وته‌بێژی پۆلیسی گه‌رمیان له راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه كه شەوی ڕابردوو لەناحییەی ڕزگاری سەربەقەزای کەلار کەسێک بەناوی (هەژار تەها محمد) لەدایکبووی 1987 لەماڵەکەی خۆیدا بەچەکی کلاشکۆف تەقەی لێکراوه‌و کوژراوه.
بەوتەی برایەکی ناوبراو ، براکەی پێشمەرگەیە و زاوای ماڵی مامی بووە و کێشەی خێزانیی هەبووە لەگەڵ ماڵی مامی و درەنگانێکی شەوی ڕابردوو لەلایەن کوڕی مامی کەدانیشتووی قەزای کفریە تەقەی لێکراوەو لەئەنجامدا گیانی لەدەستداوە.
وته‌بێژی پۆلیسی گه‌رمیان ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه كه لەئێستادا بەبڕیاری دادوەرو بەپێی مادەی 406 فەرمانی دەستگیرکردن بۆتۆمەتبار دەرچووە و پۆلیسیش لەشوێنی ڕوداوەکە دەستی بەلێکۆڵینەوە کردوە.