مه‌سرور بارزانی: پێویسته‌ چه‌كداری بیانی و میلیشیا له‌ شه‌نگال نه‌مێنن

کوردستان 03/08/2020

Alternate Text


‎سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان له‌ یادی شه‌ش ساڵه‌ی كاره‌ساتی هێرشی رێكخراوی داعش بۆسه‌ر قه‌زای شه‌نگال و ئه‌و كاره‌ساته‌ی به‌سه‌ر كوردانی ئێزدی هات، داوایكرد هەموو لایەنەکان هاوکار بن بۆ ئاوەدانکردنەوە و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال بە شێوەیەک کە هیچ هێزێکی چەکداری بیانی و میلیشیاکان لە شنگال نەمێنن.

‎مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ په‌یامێكی به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: " پێویستە بەڕێزەوە یادی قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان بکەینەوە لە ڕزگارکردنی شنگال و دەوروبەری بە سەرکردایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی، هەروەها ستایشی هەڵوێستی خەڵکی کوردستان دەکەین لە بە هاناوەچوونی خوشک و برا ئێزدییەکانمان. 

‎وتیشی "پێویسته‌ هەموو لایەنەکان هاوکار بن بۆ ئاوەدانکردنەوە و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال بە شێوەیەک کە هیچ هێزێکی چەکداری بیانی و میلیشیاکان لە شنگال نەمێنن و حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، هەماهەنگ بن بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانە."

‎دەقی پەیامەكەی مه‌سرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان: 

‎"لە شەشەمین ساڵیادی داگیرکردنی شنگال و جینۆسایدکردنی خوشک و برایانی ئێزدی لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە، بە خەم و کۆڤانەوە یادی شەهیدانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەینەوە کە لە ئەنجامی هێرشی دڕندانەی تیرۆریستانی داعش، بە هەزاران مرۆڤی بێتاوان دووچاری کۆمەڵکوژی و ڕفاندن و ئاوارەبوون بوونەوە.

‎کۆمەڵکوژی شنگال و دەوربەری، بە یەکێک لە دڕندانەترین تاوان لە دژی مرۆڤایەتی دادەنرێت لە مێژووی هاوچەرخدا، کە بە شێک بوو لە هێرشی بەرفراوانی تیرۆریستان لە دژی گەلی کوردستان. سەرەڕای هەموو ئەو کارەسات و فەرمان و کۆمەڵکوژییانەی ڕووبەڕووی خوشک وبرایانی ئێزدی بووەتەوە، بەڵام بەردەوامن لە بەرگریکردن لە زمان و ناسنامە و کولتوور و ئاینی خۆیان.

‎لەم یادە خەمناکەدا، پێویستە بەڕێزەوە یادی قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان بکەینەوە لە ڕزگارکردنی شنگال و دەوروبەری بە سەرکردایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی، هەروەها ستایشی هەڵوێستی خەڵکی کوردستان دەکەین لە بە هاناوەچوونی خوشک و برا ئێزدییەکانمان.  پێویستە هەموو لایەنەکان هاوکار بن بۆ ئاوەدانکردنەوە و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال بە شێوەیەک کە هیچ هێزێکی چەکداری بیانی و میلیشیاکان لە شنگال نەمێنن و حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، هەماهەنگ بن بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانە.

‎حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ ئازادکردن و گەڕاندنەوەی ئەو ڕفێندراوانەی تا ئێستا ماون، کە ژمارەیەکی زۆریان پێشتر بە هەوڵی حکومەتی هەرێم ڕزگارکراون. هەروەها داوا دەکەین حکومەتی فیدراڵی، قەرەبووی خوشک و برا ئێزدییەکانمان بکاتەوە و یارمەتی ئاوارەکان بدات و زەمینە خۆش بکات، بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان  .
‎سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی شنگال و گشت شەهیدانی کوردستان .

‎مەسرور بارزانی
‎سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان"

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا