تەرمی دوو کۆچبەری کورد لە وڵاتەکانی تورکیا و یۆنان لەلایەن دەزگای لوتکەوە دۆزرانەوە کە لە دوو رووداوی جیاوازدا گیانیان لەدەست دابوو و بڕیار وایە بەم نزیکانە راپۆرتی مردنەکانیان رادەستی خێزانەکانیان بکرێنەوە.
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران بڵاویکردووەتەوە، تەرمی دوو کۆچبەری کورد لە وڵاتەکانی تورکیا و یۆنان لەلایەن دەزگای لوتکەوە دۆزرانەوە کە لە دوو رووداوی جیاوازدا گیانیان لەدەست دابوو.
روونیشیکردووەتەوە، دوای ئاگادارکردنەوەمان و دەستکردن بە گەڕان تەرمی (سیوان ساڵح) تەمەن ٣٠ ساڵان، خەڵکی سەردەشت، لەلایەن نوێنەرمانەوە لە کەناراوەکانی دەریای ئیجە دۆزرایەوە، هەروەها تەرمی (شکار محەمەد)ی تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی قەڵادزێ. هەر لە پاش دوو شەو و دوو ڕۆژ لە گەڕان، لەلایەن نوێنەرمانەوە لە وڵاتی یۆنان لە نزیک شاری ساڵۆنیک لە جەنگەڵێکدا دۆزرایەوە.
باسی لەوەشکردووە، بڕیار وایە لە ئایندەیەکی نزیکدا راپۆرتی پزیشکیی تەرمەکان ڕادەستی کەسوکاریان بکرێتەوە و بگەڕێنرێنەوە خاکی خۆیان.