قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر رایگەیاند، ١٤٢
شوێنیان داخستووە لە شاری هەولێر، بەهۆی پابەندنەبوونیان بە رێنماییە تەندروستییەکان
و رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر
بە (BMC) راگەیاند، ئەو ١٤٢ شوێنە
پێكهاتوون لە ساردەمەنی، چێشتخانە و کافتریا و شوێنی جیاواز.
قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو،
ئەو شوێنانە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو داخراون و بڕی ملیۆنێک دیناریش سزادراون.
ئاشکراشیکرد، لەکاتی دووبارەبوونەوەی سەرپێچییەکان
رێکارەکان بەرامبەریان تووندتر دەبێت، داواش لە هاونیشتمانیان و کاسبکاران دەکەین
پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و بەپێی رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا،
ماسک ببەستن و دەستکێش لەدەستبکەن، بۆئەوەی تەندروستی و سەلامەتیی خەڵکی شارەکە
پارێزراوبێت".
لە سنووری پارێزگای هەولێر، تاوەکو ئێستا پێنج
هەزار و ٤١٧ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە سێ هەزار و ٣٣٧ کەسیان
چاکبوونەتەوە و ١٤٨ تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.