رۆژانە خەڵک ١٠٠ کیلۆ زێڕ دەفرۆشن و پێنج کیلۆ دەکڕن

ئابوری 07/08/2020

Alternate Text

رۆژبه‌رۆژ نرخی زێڕ له‌ بازاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان روو له‌ هه‌ڵكشان ده‌كات و زه‌ڕه‌نگه‌رێكیش ده‌ڵێت ، ئەو کەسانەی پارەدارن و دێن لە بازاڕ زێڕ دەکڕن بە ئامانجی قازانج ، هەڵە دەکەن چونكه‌ هەموو بەرزبوونەوەیەک نزمبوونەوەی لەدوایە ، کاتێک نرخەکەی دێتە خوارێ زیانی گەورەیان به‌رده‌كه‌وێت .

 

لە بازاڕه‌كانی هەرێمی كوردستان  رۆژانە نرخی زێڕ روو لە هەڵکشان و بەرزبوونەوه‌ ده‌كات و خەڵک وەک ماڵی سپی بۆ رۆژی رەش سەیری ده‌كه‌ن، بەوتەی زێڕنگەرانی بازاڕی قەیسەری هەولێر، ئێستا لەسەدا ٩٥ی بازاڕەکەیان کڕینەوەی زێڕی هاووڵاتییانە و لەسەدا پێنج ، زێڕ بە خەڵک دەفرۆشن، ئەم دۆخە بازاڕی هاوردەکردنی زێڕی پێچەوانە کردووەتەوە، چونکە ئەوەی لە هاووڵاتییانی دەکڕن دەینێرنەوە دەرەوەی وڵات ، کە جاران ئاراستەی مامەڵەکە پێچەوانە بوو.

هۆشیار مەلا یاسین یەکێکه‌ لە زێڕنگەرە ناسراوەکانی ناو بازاڕی قەیسەری هەولێر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ دوا وتی ، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە جیهاندا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، چونکە گەشتی فڕۆکەخانەکانی راگرتووە بەمەش هەموو شتێک راوەستاوە لە دنیادا ، کۆمپانیا گەورەکانی بوارەکانی نەوت، ئۆتۆمبیل، مۆبایل، ئەلیکترۆنیات و ئەو کۆمپانیایانەی کە سەرمایەکەیان بە ملیارەها دۆلارە کاری خۆیان وەستاندووە و لە بۆرسەکاندا دەستیان کردووە بە کڕینی زێڕ، چونکە زێڕ دڵنیایی زیاتری تێدایە و هێزە بۆ بەهادان بە هەموو پارەیەک و بەو مامەڵەیە سەرمایەکانیان دەپارێزن .

ئەو زێڕنگەرە پێی وابوو ، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ تا ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبێت و ووتی ، تاوەکو پەتای کۆرۆنا و کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕ بەردەوام بێت، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕیش بەردەوام دەبێت .

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا ، ئەوەی پێویستیان بە پارەی زێڕەکانیان هەیە ئاساییە بیفرۆشن، بۆ نموونە نرخی زەوی و خانووبەرە دابەزیوە و نرخی زێڕ بەرزە، ئەگەر ئەو شتانەی پێ دەکڕن فرۆشتنی قازانجە، بەڵام ئەوەی پارەکەی شتێکی دیکەی پێ ناکڕێت فرۆشتنی هەڵەیە، چونکە ناتوانێت دواتر بەهەمان پارە زێڕ بکڕێتەوە .

باسی له‌وه‌شكرد ، ئەو کەسانەی پارەدارن و دێن لە بازاڕ زێڕ دەکڕن بە ئامانجی قازانج هەڵە دەکەن، چونکە هیچ کەسێک نازانێت تا چ رۆژێک بەرزبوونەوەکە بەردەوام دەبێت، هەموو بەرزبوونەوەیەک نزمبوونەوەی لەدوایە کاتێک نرخەکەی دێتە خوارێ زیانێکی گەورە دەکەن، چونکە لەوانەیە دابەزینەکەی خێرا و بە رەقەمی گەورەبێت، لەوانەیە لە رۆژێکدا ٥٠ بۆ ١٠٠ هەزار دینار بێتە خوارێ.

دەربارەی مامەڵەکردن بە زێڕ لە بازاڕدا ئەو زێڕنگەرە دەڵێت ، ئێستا لەسەدا ٩٥  فرۆشتنی زێڕی خەڵکە و لەسەدا پێنج دەیکڕن و رۆژانە بە تەنها خۆم زیاتر لە دوو کیلۆ زێڕ دەکڕمەوە لە هاووڵاتییان و ،  لەسەدا پێنجی ئەو بڕە دەفرۆشمەوە بە خەڵک، ئەوەی دەشیکڕم راستەوخۆ دەیفرۆشینەوە لە بۆرسەی تورکیا و رەوانەی دەرەوەی دەکەین .

به‌پێی وته‌كانی  هۆشیار مەلا یاسین ، ئەو کاتەی بازاڕ ئاسایی بوو مانگانە دوو تۆن تا سێ تۆن زێڕ دەهێنرایە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا بازاڕەکە پێچەوانە بووەتەوە و مانگانە دوو تاوەکو سێ تۆن و نیو دەنێرینە دەرەوەی کوردستان و لە بۆرسەی تورکیا دەیفرۆشین و هاوردەکردن بووەتە سفر.

ئەو باسی سەرمایەدارێکی کرد و ووتی ، هاوڕێیەکی خۆم سەرمایەدارە، ئەمڕۆ وا خەریکە بە بەهای یەک ملیۆن دۆلار زێڕ دەکڕێت بە ئامانجی قازانج، بەڵام دیار نییە قازانج دەکات یان بەو مامەڵەیە تووشی زیان دەبێت. 

 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا