هۆکارەکانی دروستبوونی ئازاری مەمک

تەندروستی 10/08/2020

Alternate Text

ئازارى مەمك يەكيێە لە نيشانە بەربڵاوەكانى نەخۆشيەکانی مەمك، بە رێژەی ٧٠% ئافرەتان لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی ژیانییاندا توشی ئەبن.

بەگشتی لەو کەسانەی تووشی ئازاری مەمک دەبن سێ هۆکاری هەیە:

یەکەم : ئازاری مەمک کە پەیوەندی هەیە بە سوڕی مانگانەوە Cyclical mastalgia ،ئەم جۆرە لە هەموو جۆرەکانی تر بەربڵاوترە (٦٥%)،  هۆکارەکانی دیارنین، بەڵام رەنگە هۆرمۆنەکان رۆڵێکیان هەبێت.

دووەم : ئازاری مەمک کە پەیوەندی نییە بە سوڕی مانگانەوە Noncyclical mastalgia ، زۆربەیان هۆکارەکانیان دیار نین، بەڵام هەندێکجار چەند هۆکارێک ئەتوانرێت دەستنیشان بکرێت وەکوو هەوکردنی مەمک، فراوانبوونی کەناڵەکانی شیردەردان، گرێی ریشاڵی مەمک، کیسی مەمک، ئێکزیمای گۆی مەمک، چونە ناوەوەی گۆی مەمک، شێرپەنجەی مەمک و ئازاری مەمک دوای لابردنی مەمک بەنەشتەرگەری وەک چارەسەر بۆ شێرپەنجەی مەمک.

سێیەم : ئازاری مەمک کە پەیوەنی نییە بە مەمکەوە Extramammary pain، ئەم جۆرە ئازارە لە دەرەوەی مەمک سەرهەڵدەدات، بەڵام ئازارەکە لە مەمکدا هەستی پێدەکرێت. وەکو ئازاری دیواری سنگ، ئازاری پەراسووەکان، ئازاری بڕبڕەکانی مل و پشت، ئازاری شان وقۆڵ، ئازاری دڵ، ئازاری گەڕاندنەوەی ترشەڵۆکی گەدە بۆ ناو سورێنچک، ئازاری مەمک لەکاتی دووگیانبدا و ئازاری مەمک لەبەر هۆکاری دەرونی.

دەستنیشانکردنی ئازاری مەمک ئەنجام ئەدرێت لە رێگای مێژووی نەخۆشییەکەوە، پشكنينى فيزيكيى، شیکاری خوێن  هۆرمۆنی، وێنەى سۆنۆگرافی، وێنەى تيشكى ئێكسى مەمك، شانەوەرگرتن لە مەمك لە رێگەى نيدڵى فراوان و نیدڵی باريك و بايۆپسى لە رێگەی نەشتەرگەریى كراوەوە.

لەبارەی چارەسەری ئازاری مەمک. زۆرینەی ئازاری مەمک کە پەیوەندیان بە سوڕی مانگانەوە هەیە و ئەوئازارانەی مەمک کە پەیوەندیان بە سوڕی مامگانەوە نییە تەنها بە دڵنییایکردنەوە چارەسەردەکرێن (٨٥%) لەگەڵ لەبەرکردنی ستیانی توند و تۆڵ و کەمکردنەوەی خواردنەوەی  چاو قاوە و کۆلا و نەستەلە و چکلێت و کەمکردنەوەی خواردنی چەوری، ئەگەر بەمە چارەسەرنەکران حەبی زەیتی پرایمڕۆزیان بۆ دەستنیشاندەکرێت، ئەگەر بەمەش چارەسەر نەکران ئەوا چارەسەردەکرێن بە بەکارهێنانی چارەسەری هۆرمۆنی وەکوو برۆمۆکرێپتین، دانازۆڵ،  تامۆکسفیین و ئۆرمیلۆکسیفین.

لە بارەی چارەسەری ئازاری مەمک کە پەیوەنی نییە بە مەمکەوە ئەمە لە رێگای چارەسەری هۆکارەکەوەیەتی، لەگەڵ ئەوانەشدا  رێژەیەکی کەمی ئازاری مەمک هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شێرپەنجە.

سەرچاوە/ دکتۆر نزار هەمەوەندی
ڕاوێژکاری نەشتەرگەری (نەشتەرگەری گشتی،ونەشتەرگەری جوانکاری

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا