ئەندامێکی ئەنجومەنی راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی کازمی و ترەمپ ئاشکرا دەکات کە بڕیارە ٢٠ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.
گابرێل سوما، ئەندامی ئەنجومەنی راوێژکاری سەرۆکی ئەمرکا بڵاویکردووەتەوە، ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی کازمی بۆ واشنتۆن باشکردنی پەیوەندیەکانی هەردوولایە لەرووی ئاسایش و ئابوری و وزە و تەندروستی.
روونیشیکردووەتەوە، بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە دەستوەردانی ئێران لە کاروباری عێراق هەروەها کەیسی ئەو فڕاندن و کوشتنانەی لەم دواییەدا روویانداوە کە دیارترینیان رۆژنامەنووسی عێراقی هیشام هاشمی بوو.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە باسی لەوەشکردووە، ترەمپ سەبارەت بە دۆخی ئەمنی باڵیۆزخانە و دامەزراوەکانی لە عێراق لەگەڵ کازمی گفتوگۆ دەکات کە لە ماوەی رابردوودا رووبەڕووی چەندین هێرش بوونەتەوە.
وتووشیەتی، ترەمپ بە کازمی دەڵێت، ریزی سەروەری عێراق دەگرن و پێویستیان بە نەوتەکەی نییە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق روونادات بەڵام کەمکردنەوەیان لە چوارچێوەی رێککەوتنی هەردولا دەبێت.