شەش ساڵ بەسەر وادەی کۆنگرەی چواردهیهمی پارتی دیموکراتی کوردستاندا تێپەڕێوە، دواهەمین کۆنگرەیان لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٠ ئەنجام درا و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکە، دەبوو ساڵی ٢٠١٤ کۆنگرەی چواردەهەمین ببەسترایە ، ئهندامێكی سهركردایهتی ئهو حزبهش دهڵێت ، هیچ شتێک نییە کێشەی خستبێتە کۆنگرە تەنها و تەنها کۆرۆنایە .
به ووتهی بەرپرسانی ئەو حزبە لە چەند ساڵی رابردوودا، بەهۆی شەڕی داعش و سەرقاڵبوون بە هەڵبژاردنەکانەوە، کۆنگرە دواخراوە و بڕیاردرابوو مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ کۆنگرە ببەستن، بەڵام تەشەنەسەندن و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەو وادەیەشی دواخستووە بۆ کاتێکی نادیار.
لهوبارهیهوه بڵند ئیسماعیل ، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر، بە ئاژانسی ئانادۆڵی رايگەیاندووه ، بڕیاردرابوو لە کۆتایی ئەمساڵ کۆنگرە بکرێت، لەنێوان مانگی نۆ بۆ ١٠، هەرچەند رۆژەکە دیاریی نەکرابوو، بەڵام بۆچوونێک هەبوو لە رۆژی ریفراندۆمدا کۆنگرە بکرێت، بەڵام پەتای کۆرۆنا دوای خستین، پارتی حزبێکی گەورەیە کۆنگرەش کە دەکرێت نوێنەری قاعیدەی حزبی دەبێت تێیدا بەشداربێت ، بۆیە بەپێی ئەو نوێنەرایەتییە و ژمارەی ئەندامانی حزبی چاوەڕێ دەکرا لە هەزار تاوەکو هەزار و٥٠٠ کەس بەشداری کۆنگرە بکات، کۆبوونەوەی خەڵکێکی وا زۆر لە هۆڵێکدا پێمان وابوو کارەساتی بەدوادادێت بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.
ووتیشی : هیچ هۆکارێکی دیکە نییە جگە لەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا خراپ بڵاوبووەتەوە لە هەرێمی کوردستاندا و ئەگەر ئەمساڵ پەتاکە کەمبێتەوە و کاریگەری بەو جۆرە نەمێنێت ، پارتی ئامادەکارییەکی باشی کردووە بۆ کۆنگرە و هیچی وامان نەماوە لەوانەیە لە ماوەی مانگێک ئەوەی ماوە تەواوی بکەین و بچینە ناو کۆنگرەوە.
ئهو ئەندامی سەرکردایەتیهی پارتی دەربارەی ئەو ئامادەکارییانەی تاوەکو ئێستا کراوە دهڵێت : بەگشتی هەموو شتەکان دەبێت لەناو کۆنگرە بڕیاری لەسەر بدرێت، پەیڕەوی ناوخۆ و پێداچوونەوە بە پرۆگرامی پارتی کە بەرنامەی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی داهاتووی پارتییە لە حکومڕانیدا، پەیڕەو کە بنەمای کاری حزبە لەوانەیە گۆڕانکاری بەسەردا بێت چونکە شێوازی ئیشکردنی رێکخستنەکان گۆڕاوە هەموو ئەمانە دیراساتی باشی لەسەر کراوە و کۆمەڵێک شت حازرکراوە و تەنها دەمێنێتە ئەوەی لەناو کۆنگرە گفتوگۆی لەسەر بکرێت و کامیان پەسەند بکرێت، بۆیە شتێکی وامان پێویست نییە تەنها کۆرۆنا بەرۆکمان بەردا لەو بڕوایەم لە مانگی ١١ یان ١٢ی ئەمساڵ بتوانین کۆنگرەکە ببەستین .
بڵند ئیسماعیل دەربارەی گۆڕانکارییەکان لە پەیکەری رێکخراوەیی حزبەکەیاندا رایگەیاند ، هێشتا نازانم چۆن دەبێت بڕیاری لێ نەدراوە،پرس و را بە کۆمەڵێک خەڵکی پسپۆڕ کراوە، خەڵکی شارەزا ئەوانەی کاری حزبییان کردووە، مامۆستایانی زانکۆ، هەر لایە و بابەتێکیان پێشکەش کردووە و سوودیان لێ وەرگیراوە، مەبدەئی ئەمجارە وایە کە بەشێوەیەک پەیڕەو دابڕێژرێت کە بڕیاردان لەناو حزبدا خێراتربێت واتە وای لێ بێت کۆمەڵێک دەسەڵات بدرێت بە خوارەوە، بدرێت بە هەیکەلی لق و ناوچەکان بە ئەنجوومەنی سەرکردایەتییەکان بۆ ئەوەی کاری حزبی بۆ لەمەودوا خێراتر بێت .
بۆچوونێک لەناو خەڵک و شەقامی سیاسیی باس دەکرێت کە پارتی ئەمجارە کۆنگرەیەکی بچووکراوە دەبەستێت و تەنها ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسیی و بەشێک لە کادیرە باڵاکان و بەرپرسی لق و ناوچەکان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پارتی لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان و لە پلە سەربازییەکانیشدا تەنها لیواکان بەشداری کۆنگرە بکەن و ئەندامانی کۆنگرەی چواردە لە چەند سەد کەسێک تێ نەپەڕێت، بەڵام بڵند ئیسماعیل دەربارەی ئەو بۆچوونە ووتی : من شتی وام نەبیستووە ئەوەی کە هەیە تەنها پەیوەستە بە کاریگەری کۆرۆنا و هیچ شتێکی دیکە نییە، بەڵام ئەگەر کۆرۆنا هەر بەردەوام بێت و بمێنێت لەوانەیە پێویست بەوەبکات لە جیاتی ئەوەی هەزار و ٥٠٠ کەس بەشداربێت ببێت بە ٧٥٠ کەس یان ٥٠٠ کەس، بەڵام دیسان ئەو ژمارەیەیش هەر زۆرە، بۆیە هیچ شتێک نییە کێشەی خستبێتە کۆنگرە تەنها و تەنها کۆرۆنایە.
ئاماژهی بهوهدا ، تاوەکو ئێستا بڕیاری دواخستنی کۆنگرە نەدراوە، بۆیە دەمێنێتە سەرئەوەی هەلومەرجی تەندروستیی چی لێدێت، هەرکات كۆرۆنا نەما یان کەمی کرد لە ماوەی مانگێک بۆ پەنجا رۆژ پارتی کۆنگرەی خۆی دەبەستێت".