هێرش سەید سەلیم لەسەر نرخی نەخۆشخانە ئەهلییەکان بە "تووندی" هاتە دەنگ

کوردستان 10/08/2020

Alternate Text

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت، شانازی بە سەرجەم ستافی بەرەنگار بوونەوەی كۆرۆنا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و دەورووبەری دەكەم كە لە كارگوزارێكەوە تا بەڕێوەبەری گشتی لەماوەی رابردوو ئێستاشدا بەردەوامن لە دابین كردنی خزمەتگوزاری خۆڕایی بۆ تووشبوانی كۆرۆنا لە سەنتەرەكانمان.

د. هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە نووسینێكیدا كە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردووەتەوە رایدەگەیەنێت، "ئەو جۆرە لە بازرگانیكردنە بە نەخۆشی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەی تایبەت هەڵكردنی ئاڵای سپی وەزارەتی تەندروستییە بۆ كەرتی تایبەت و ئەوپەڕی فەشەلی ئیدارەدانی كەرتی گشتییە لە دابین كردن یان كۆنتڕۆڵ كردنی باری تەندروستی وتەشەنەسندنی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان بە گشتی و تایبەتیش زۆنی زەرد كە هیچ خزمەتێك بە فراوان كردنی خزمەتگوزاری تایبەت بە كۆرۆنا ناكا".

دەشڵێت، "جگە لە جیاكاری چینایەتی هاوڵاتیان، كەوتنەژێر پێی خەڵكی نەدار جگە لەوەش ئاراستەیەكی خراپە بۆ ساردكردنەوەی كارمەندانی كەرتی گشتی بەو پێیەی ئەوان بێ مووچە خزمەت دەكەن ولەولاوە كارمەندانی كەرتی تایبەت بە پاككراوی لێی دەخۆن ئەم جۆرە لە داهێنانە بەس لە قەدو باڵای ئەم جۆرە لە ئیدارەیە دەوەشێتەوە كە نەتوانێت سادەترین خزمەتگوزاری بۆ كۆی هاوڵاتیانی دابین بكات".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "من تا ئێرە رووسوورم كە ئەوەی لە توانام دابووبێت لەگەڵ هاوكارەكانمان كردوومانە بەبێ بەرامبەر وە شانازی بە سەرجەم ستافی بەرەنگار بوونەوەی كۆرۆنا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و دەورووبەری دەكەم كە لە كارگوزارێكەوە تا بەڕێوەبەری گشتی لەماوەی رابردوو ئێستاشدا بەردەوامن لە دابین كردنی خزمەتگوزاری خۆڕایی بۆ تووشبوانی كۆرۆنا لە سەنتەرەكانمان".

لە کۆتایشدا جەختیکردووەتەوە، "لێرە بەدواوە ئۆباڵی بەلاڕێدابردنی ئەو خزمەتە لە ئەستۆی ئێمە نییە  ئەمە گوزارشت لە رای خۆم دەكا هەر كەسێكیش هاوڕایە لەگەڵم دەتوانێت شێری ئەم رایەم بكاو دەنگ هەڵبڕێت".

ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان نرخەکانی خزمەتگوزاری چارەسەری نەخۆشخانی کۆرۆنای لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان راگەیاند و ئەوانەی لەژێر چاودێری چڕی هەناسەدان بە ئامێری Ventilator دا دەبن، بۆ هەر شەوێک بڕی ملیۆنێک ٥٠٠ هەزار دیناریان لێوەردەگیرێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا