عێراق هه‌ڵوێستی خۆی به‌رامبه‌ر ڤاكسینه‌ رووسیه‌كه‌ ده‌ربڕی

عێراق 11/08/2020

Alternate Text

بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، هەرکاتێک ڤاکسینە نوێیەکەی کۆرۆنا مۆڵەت لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی وەربگرێت، ئەوا عێراق یەکێک دەبێت لەو وڵاتانەی کە دەیەوێت ببێت بە خاوەنی ئەو ڤاکسینە.

ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌ ١١ی ئابی ٢٠٢٠ ریاز حەلەفی، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، عێراق ئەندامی هاوپەیمانێتی جیهانی ڤاکسینەکانە، کە ئەو وڵاتانەی تێدایە کە دەیانەوێت ڤاکسینە پەرەپێدراوەکانی جیهانیان دەستبکەوێت. 

ئاماژەی بەوەشکرد، ڤاکسینە نوێیەکەی روسیا هێشتا لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە کارایی و سەلامەتییەکەی پشتڕاست نەکراوەتەوە، بۆیە عێراق لە پەیوەندی بەردەوامدا دەبێت، هەرکاتێک کارایی ڤاکسینەکە سەلمێنرا، دەبێت بە یەکێک لەو وڵاتانەی کە داوای ڤاکیسینەکە دەکات.

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا ئەمڕۆ لەمیانی کۆبونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی رایگەیاند، وەزارەتی تەندروستی روسیا رەزامەندی لەسەر بەرهەمهێنانی یەکەمین ڤاکسینی کۆرۆنا داوە، تا ئێستا 20 وڵاتی جیهان داوای ملیارێک دەرزی ڤاکسییەنەکەیان لە وڵاتەکەی کردوە.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی تەندروستی روسیا رایگەیاند، بەرهەمهێنانی ڤاکسینە پەرەپێدراوەکە لە مانگی ئەیلولی داهاتودا دەستپێدەکات.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا