قائیمقامیەتی سلێمانی هۆشیاری بە کارگەکانی ئاو، کۆگاکان، مارکێت و دوکاندارەکان دەدات سەبارەت بە هەڵگرتنی ئاوی دەبە لە شوێنی نەگونجادا و سەرۆکی لیژنەکانیش دەڵێت: سەرپێچیکاران روبەروی رێکاری یاسایی دەکەنەوە.
لەشکر حەمید، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاندووە، لەچەند رۆژی رابردوودا لیژنەکانی قائیمقامیەت لەرێی راگەیاندنەکان و سەردانی لیژنەکان بۆ کارگەکانی ئاو، کۆگاکان، مارکێت و دوکانەکان ئاگاداری هەموو شوێنەکان کراونەتەوە کە ئاوی لەدەبەنراو لەبەر تیشکی خۆر نەگوازنەوە و لە پلەی گەرمی بەرز عەمباری نەکەن.
روونیشیکردووەتەوە، بەپێی رێنماییەکانی تەندروستی پێویستە ئاوی لەدەبەنراو دور لە تیشکی خۆر بگوازرێتەوە و لەشوێنی فێنک کە پلەی گەرمییەکەی لە (25) پلەی سەدی تێپەڕنەکات عەمبار کرێت، تا رێگری لە کارلێکی نێوان ماددە پلاستیکەکە و ئاوی ناو دەفرەکە بکرێت کە بەهۆیەوە زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت.
ئاشکراشی کردووە، لەکاتی گواستنەی ئاوی لەدەبەنراو لە بەر تیشکی خۆر و عەمبارکردنی لە پلەی گەرمی بەرزدا لیژنە هاوبەشەکان راسپێردراون سەرپێچیکار روبەروی رێکاری یاسایی بکەنەوە.