دوای بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە و نیشاندانی نیگەرانییەکانیان لە رێکنەکەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق، وەزارەتی دارایی عێراق هاتە دەنگ.
وەزارەتی دارایی عێراق بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، لەسەرەتای دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان حکومەتی عێراق سووربووە لەسەر مافەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت پاش دڵنیابوونەوە لە دابەشنەکردنی ئەو پارەیەی نێردراوە بۆ مووچەی فەرمانبەران.
روونیشیکردووەتەوە، بەیاننامەکەی حکومەتی هەرێم ورد نەبووە لە دیاریکردنی بنچینەی کێشەکان، حکومەتی عێراقیش نەرمی زۆری نواندووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە خزمەتی هاوڵاتیانی هەرێم بکات.
ئاشکراشی کردووە، بە گوێرەی ماددەی ١١٤ی دەستور حکومەتی ناوەند مافی کۆنتڕۆڵ و چاودێریکردنی دەروازە سنورییەکانی هەیە.
هەر لەبەیاننامەکەی وەزارەتی دارایی عێراق داوایکردووە، حکومەتی هەرێم پەلە بکات لە جێبەجێکردنی بنەما دەستووریەکان و گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆکان.
ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەبەیاننامەیەکدا ناڕەزایەتی خۆیان لە نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەربڕی.