بڕیار له‌ ده‌وامی زانكۆ ‌و په‌یمانگه‌كان بۆ ساڵی‌ نوێی‌ خوێندن ده‌درێت

کوردستان 13/08/2020

Alternate Text

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەزارەتی خوێندنی باڵا لێژنەیەکی باڵای لەسەر ئاستی وەزارەت و زانکۆکان بۆ ساڵی نوێی خوێندن پێکهێناوە دەشڵێت، یەكێك لە پێشنیازەكان ئەوەیە لە (یەکی ئەیلولی ٢٠٢٠)وە دەوام بەشێوازی ئەلیكترۆنی دەست پێبكاتەوە.

عەباس ئەكرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی بە (BMC) راگەیاند، "بە لەبەر چاوگرتنی رەوشی تەندروستی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆ دیراسەکردن و خۆ ئامادەکردنی داڕشتنی پلان  ئەگەرەکان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی لێژنەیەکی باڵای لەسەر ئاستی وەزارەت و زانکۆکان چی حکومی یان ئەهلی بۆ خوێندنی ساڵی (٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢١)  پێکهێناوە ئەویش بەڕەچاوکردنی ستانداردە جیهانییەکان.

عەباس ئەكرەم روونیشێکردەوە، "لە ئێستادا لیژنەکە کارەکانی تەواو بووەو راپۆرتی خۆی پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزارەت کردووە بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت بڕیار لەسەر یەکێک لە پێشنیازەکان بدرێت، کە وا بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی وەزارەت بۆ ئەم بابەتە کۆببێتەوە".

ئاشکراشیکرد، "یەکێک لە خاڵە گرنگەکان کە لە رابردوودا جەختی لەسەر کراوەتەوە ئەوەیە کە وەزارەتی خوێندنی باڵا باشترین بژاردە بۆ كارنامەی ساڵی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١) جێبەجێ دەكات".

جەختیشیکردەوە، "یەكێك لە پێشنیازەكان ئەوەیە کە هێشتا نەبووەتە بڕیار لە (یەکی ئەیلولی ٢٠٢٠)وە دەوام بەشێوازی ئەلیكترۆنی دەست پێبكات، دیارە پێشنیازی دیكەش كراوە، بەڵام هەمووان چاوەڕێی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەت دەكەین بۆ چۆنێتی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا