لە مەرزی پشتە هێرش دەکرێتە سەر کۆمپانیایەک

کوردستان 14/08/2020

Alternate Text

لە دەروازەی سنوری پشتە هێرش دەکرێتە سەر کۆمپانیایەکی پشکنینی کوالیتی کۆنتڕۆڵ و بەڕێوەبەری کۆمپانیاکەش رایدەگەیەنێت بەهۆی رێگریکردنیان لە کەلوپەلی پلاستیکی کوالێتی خراپەوە بووە.

ئەمڕۆ هەینی کۆمپانیای لۆکس ئەجێنسی تایبەت بە پشکنینی کوالێتی کۆنتڕۆڵ لە مەرزی پشتە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، رۆژی چوارشەممە ١٢ی ئاب، پێش دەستپێكی دەوامی فەرمی نوسینگەی كۆمپانیا لە دەروازەی سنوری ( پشتە)  لەلایەن هەندێك لە بازرگانانی دیاری كەرەستەی پلاستیكی و شۆفێری بارهەڵگرەكانیانەوە هێرش کراوەتە سەر تاقیگەکانی ئەو نوسینگەیە و زیانێکی زۆریان بە کەرەستە و ئامێرەکان گەیاندووە.  

روونیشیکردووەتەوە، رووداوەکە لەدوای کاردانەوەی نارازیبوونیان ئەو بازرگانانە لەئەنجامەكانی پشكنینی كەرەستە پلاستیكییە هاوردەكراوەكانیان كە رۆژی پێشتر (١٢) نمونەیان بەهۆی دەرنەچوونیان لە دەرئەنجامی تاقیگەیی رەتكراوەتەوە.

ئاشکراشی کردووە،  لە هەندێ لە کەرەستە هاوردەکراوەکاندا بڕێكی زۆر مادەی ژەهراوی وەك (كانزا قورسەكان) بەكاردەهێنرێت لە بەرهەمهێنانی كەرەستە پلاستیكیەكاندا ئەمەش لەبەر هەرزانی نرخی مادەپێكهینەرەكان بەبێ گوێدانە تەندروستی مرۆڤ و بەرژەوەندی گشتی، بەڵام ئێمە لە پێناو پاراستنی مافی بەكاربەر وەك ئەركێكی ئەخلاقی و نیشتمانی چەندین جار كۆبونەوەمان لەگەڵ بازرگانان ئەنجامداوە و لە مەترسی ئەو مادە ژەهراویانە ئاگادارمانكردوونەتەوە كە بە تێپەڕبوونی كات هۆكارن بۆ دروستبوونی خانە شێرپەنجەییەكان و نەخۆشیە مەترسیدارەكانی وەك لەكاركەوتنی گورچیلە و دواكەوتنی گەشەی مناڵ و چەندانی تر.

لەبەرامبەردایشدا هەندێك لە بازرگانان چەندین جار هەڕەشەی راگرتنی كارەكانی كۆمپانیاو ئاڵوگۆڕی بازرگانیان كردووە لە دەروازەكەدا.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا