وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم رایدەگەیەنێت،
حكوومەت دەیەوێت چارەسەرێكی یاسایی بۆ بابەتی زێدەڕۆیی سەر زەویی كشتوكاڵ بدۆزێتەوەو دەڵێت، بە یاسا رێك دەخرێن و كرێیان لێ وەردەگیرێت.
حوسێن حەمەكەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ، بە
ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندووە، "پڕۆژەیەك پێشكەش بە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی
وەزیرانی ھەرێمی كوردستان كراوە بۆ ئەو زەویانەی كشتوكاڵ كە زێدەڕۆییان كراوەتە سەر
و كراونەتە باخ و ڤێللاو مەزرەعە، چونكە ناكرێت ئەو بابەتە بمێنێتەوە و پێویستی بە
چارەسەركردن ھەیە، لەبەر ئەوەی زەوییەكی زۆری كشتوكاڵی بۆ مەبەستی دیكە بەكار
ھاتوون و زۆربەشیان كراونەتە ڤێللا و مەزرەعە".
حوسێن حەمەكەریم روونیشیکردووەتەوە "حكوومەت
دەیەوێت چارەسەرێكی یاسایی بۆ بابەتی زێدەڕۆیی سەر زەویی كشتوكاڵ بدۆزێتەوە، كۆمەڵێك
ئەرك و ماف دەكەوێتە سەر ئەو كەسانەی زێدەڕۆییان كردووە، وەك مافی دارایی و لەوانە
ھەندێ رێكاری یاسایی بەرامبەر خاوەنەكانیان دەگیرێتە بەر، كە بە یاسا رێك دەخرێن بۆ
ئێستا و داھاتووش".
لە وەڵامی ئهو پرسیارهشدا كە ئایا راستە كرێی
مانگانەیان لێ وەردەگیرێت، حوسێن حەمەكەریم ئاشکرایکردووە، "بێگومان كرێیان لێ
وەردەگیرێت، بەڵام جارێ لە دانوستانداین و پڕۆژەكە لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانە".