مەسرور بارزانی: باشترین رێکار بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، یەکڕیزی و تەبایی ناوخۆی کوردستانە

کوردستان 15/08/2020

Alternate Text

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی 74ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاوكرده‌وه‌ و  راشیگەیاند، "لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە کە ھەرێمەکەمان و ناوچەکە، گیرۆدەی قەیرانی سەختی تەندروستی و ئابووری بووەتەوە، باشترین ڕێکار بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، بەر لە ھەر شتێک یەکڕیزی و تەبایی ناوخۆی کوردستانە".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، هیوادارم گشت لایەکـ، بەرپرسیارانە تواناکانمان یەک بخەین بۆ ئەوەی وەک ھەمیشە، بە سەر کۆسپ وسەختییەکان زاڵ بین و هەموو کێشەکانی دەڤەرەکەش لە ڕێگەی ئاشتی و گفتوگۆوە چارەسەر بکەین

دەقی راگەیەندراوەکە:

پیروزبایی حەفتاو چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەدایکبوونی رێبەری نەتەوەیی و نیشتیمانیمان جەنابی سەرۆک بارزانی لە هەموو کوردستانییەکی تێکۆشەر و دڵسۆز و بە تایبەتی هەموو لایەنگر و ئەندام و سەرکردایەتی پارتی دەکەم.

دامەزراندنی پارتی وەک گەورەترین و سەردەمیانەترین حزبی دیموکرات و جەماوەری، لە فراوانترین پانتایی جوگرافی لە سەرتاسەری کوردستان، وەرچەرخانێک بوو لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەماندا، کە هەمو ئازادیخوازێکی لە ژێر چەتر و ڕێبەرایێتی باوکی نەتەوەییمان بارزانی نەمر کۆکردەوە و رووحی بەرگریکردن و خۆڕاگری لە ناخی هەموو نیشتمانپەروەرێکدا زیندوو کردەوە.

بە درێژایی مێژووی پڕ سەروەریی ڕووبەڕووبوونەوەی زوڵم و ستەم و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی گەلەکەمان، پارتی خاوەنی سەدان داستان و سەرکەوتنە و چەندین دەستکەوتی مێژوویی بۆ گەلی کوردستان بەدەستهێناوە و قەڵایەکی پۆڵایین بووە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان لە هەموو پارچەکاندا و هەموو ئازادیخوازێک لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

پارتی و بارزانی بوون بە ڕەمزی داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان. هەر بۆیەش پەلاماری دوژمنان پێش هەموو لایەک بۆ سەر پارتییە. بڕوای نەگۆڕی پارتی لە خەباتی بەردەوام و خۆنەچەماندن، وایکرد لەگەڵ لایەن و پارتە تێکوشەرەکانی دیکە، کیانی کوردستانی بێتە سەر نەخشەی سیاسەتی جیهانی.

سەرۆک بارزانی وەک ڕابەرێکی نیشتیمانی، چ لە بەرەکانی شەڕ دژی دوژمنان و تیرۆریستان و چ لە سەر ئاستی دیپلۆماسیی جیهانی، ئیرادەی گەلی کوردستانی سەرخست و پێکەوەژیانی گەلانی لە کوردستان زیاتر بەرجەستە کرد و ئومێد و بڕوا بەخۆبوونی گەلەکەمانی بە مافە ڕەواکانی زیندوو کردەوە.

ئەمڕۆ لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە کە ھەرێمەکەمان و ناوچەکە، گیرۆدەی قەیرانی سەختی تەندروستی و ئابووری بووەتەوە، باشترین ڕێکار بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، بەر لە ھەر شتێک یەکڕیزی و تەبایی ناوخۆی کوردستانە، هیوادارم گشت لایەکـ، بەرپرسیارانە تواناکانمان یەک بخەین بۆ ئەوەی وەک ھەمیشە، بە سەر کۆسپ وسەختییەکان زاڵ بین و هەموو کێشەکانی دەڤەرەکەش لە ڕێگەی ئاشتی و گفتوگۆوە چارەسەر بکەین.

لەم بۆنەیەدا بە تایبەتی پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و كەسوکاری ئەنفالکراوان و کیمباران و زیندانییانی سیاسیی گەلەکەمان دەکەم.

ئەم یادە پیروزە پایەدار بێت و هیوای تەمەندرێژی بۆ جەنابی سەرۆک بارزانی دەخوازم و ئومێدەوارم لە ژێر ڕێبەرایەتی ئەودا، گەلەکەمان بە هەموو ئاواتەکانی بگات.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا