‌قوباد تاڵەبانی کێشەی چییە؟

کوردستان 20/08/2020

Alternate Text

 

 

قوباد تاڵەبانی لە وتارێکدا پڕۆژە یاسای رێکخستنی میدیای ئەلەکترۆنی وەک مەترسی بۆ سەر ئازادی رادەربڕین لێکداوەتەوە و داوایکردووە بابەتی سۆشیالمیدیا لە چوارچێوەی یاسای رۆژنامەوانی رێکبخرێتەوە. کۆی وتارەکە داکۆکیکردنە لە میدیای ئازاد و ئازادی رادەربڕین، واتە کۆی نیگەرانییەکانی رەخنەگرانی پڕۆژەیاساکە لە وتارەکەیدا رەنگی داوەتەوە.

بەڵام لەم نێوانەدا ئەوەی سەرنجی ئێمەی راکێشا ئەو بەشەی بوو کە نووسیبوی خۆم یەکێکم لە قوربانییەکانی دیاردەی تەشهیر و ناوزڕاندنی ناو سۆشیالمیدیا، بەڵام ئەمە نابێ ببێتە هۆی ئەوەی پشتگیری لە یاسایەک بکەم کە ئازادی رادەربڕین سنوردار بکات. سەیری کاردانەوە و کۆمێنتەکانم کرد بینیم ئەم وتارەی نەک بە ئەندازەی پێویست پێشوازی لێ نەکراوە کەچی جارێکی دیکە بووەتە بیانوویەک بۆ ناوزڕاندن و تەشهیرکردنی ناوبراو.

ئەگەر قوباد تاڵەبانی لە زۆنی زەرد هێرش بکرێتە سەری ئەوا تێگەیشتن لێی زۆر ئاسانە، بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشە زیاتر لە زۆنی سەوز هێرش دەکرێتە سەر ناو براو. لێرەدا پرسیار ئەوەیە بۆچی قوباد تاڵەبانی لەو ئاستە بەربڵاوەدا چەند ساڵێکە کراوەتە ئامانج؟

یەکەم: زۆربەی ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر ناوبراو دەڵێن ئەگەر کوڕی جەلال تاڵەبانی نەبوایە بە خەونیش بەو پۆستە نەدەگەیشت. ئەم قسەیە راستییەکی تێدایە، بەڵام ئەمە هەر بۆ قوباد تاڵەبانی راست نییە، بەڵکو بۆ زۆربەی هەرە زۆری سیاسییەکانی هەرێم و عێراق و تەنانەت ناوچەکەش راستە.

کوڕانی بنەماڵەی بارزانی نمونەی زەقن، زور سیاسی تریش کە ئێستە لەترۆپی دەسەڵاتن و بڕیاردەری یەکەمن؛کوڕانی نەوشیروان مستەفا راستە هیچ پۆستێکیان نییە، بەڵام گۆڕان هەڵدەسوڕێنن بڕیار لەسەرچارەنوسی دەدەن تاپۆکە لای ئەوانە. کام بەرپرس و سیاسی هەیە لەم هەرێمە لە ٣٠ ساڵی رابردوودا بەبێ پشتگیری بنەماڵەیەکی دەسەڵاتدار بە پۆستێک گەیشتبێتن ئەوانەی ئێستا لە سەرکردایەتی حیزبەکانن و یان وەزیر و بەرپرسی باڵان کێ بەو پۆستەی گەیاندوون؟

دوور نەڕۆین مستەفا کازمی کە ئێستا خەڵکێکی زۆر لە کوردستان پێی سەرسامە، ئەگەر پەیوەندی خزمایەتی لەگەڵ بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان و پشتگیری ئەو بنەماڵانە نەبوایە ئایا بە خەونیش دەبووە سەرۆک وەزیرانی عێراق؟ بێگومان نەخێر لە باشترین حالەتدا ئیستاش هەر سەرنووسەری گۆڤارێک و سایتێکی بەرپرسێکی سیاسی بوو.

هەربۆیە قوباد تاڵەبانی تەنیا کەس نییە کە بەوجۆرەیە. گرنگ ئەوەیە قوباد تاڵەبانی یان ئەو کەسانەی پشتگیرییەکی بنەماڵەییان هەیە خۆیان کێن و توانایان چییە و دەیانەوێت چی بکەن؟
دووەم: هۆکاری دووەمی ئەو رەخنانەی ئاراستەی قوباد تاڵەبانی دەکرێت ئەوەیە کە لە پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەتدایە و دەڵێن لە پارتیشەوە نزیکە.  ئەوە راستە هەر کەسێک پۆستێکی باڵای هەبێت چاوەروانی زۆری لێ دەکرێت، بەڵام هەموو کەسیش دەزانێت کە لە حکومەتی هەرێم چۆن بڕیار دەدرێت.

قوباد تاڵەبانی لە ساڵی ٢٠١٤وە کە چووەتە ناو حکومەتەوە ئەگەر باشترین کەسی ناو حکومەت نەبێت ئەوە لە باشترین کەسەکان بووە. هێنانی کۆمپانیای دیلۆت بۆ وردبینی لە داهاتی نەوت دەستپێشخەری ئەو بووە، بایۆمەتری بە دەستپێشخەری ئەو بوو و خۆشی سەرپەرشتی پرۆسەکەی کرد. پڕۆژەی خزمەی هەر هی ئەو بوو!

قوباد تاڵەبانی هەر لە پرسی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد دەستپێشخەری کرد لە ئەمساڵدا و ئەمەش وایکرد ئەنجومەنی وەزیران ناوبراو رابسپێرێت سەرۆکایەتی شاندی دانووستانکار بکات. رێککەوتنەکەی ئەم دوایەش بەرهەمی ئەو دانووستانانە بوو کە ناوبراو بەڕێوەی برد.

سەبارەت بە نزیکبوونیشی لە پارتی، پێویستە بڵێین کاتی خۆشی تەنانەت سەرۆک جەلال تاڵەبانی تۆمەتبار دەکرا بەوەی لە بەرژەوەندی پارتیدایە و یەکێتی ئیهمال کردووە. ئاخر دەکرێت مام جەلال  بیت یان کوری جەلال تاڵەبانی بیت و یەکێتی ئیهمال بکەی؟ خۆ ئەگەر نەرمی بنوێنێت بەرامبەر حیزبەکانی دیکەش ئەمە کارێکی دروستە و پێویستیی حکومرانییە بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی و پێکەوەی. ئەگەر وای نەکردبایە دەبوو رەخنەی لێ بگرین و ئەوسا توندبین دەرحەقی، بۆ نمونە ئەگەر دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکەی نەدایە ئیستا قەوارەیەک نەمابوو بە ناوی هەرێمی کوردستان.

سێیەم: قوباد تالەبانی وەک هەموو بەرپرسانی حکومی و حیزبی ئەم وڵاتە تۆمەتبار دەکرێت بە گەندەڵی. بەڵام لەمبارەشەوە دەتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین ناوبراو پاکترین بەرپرسی ئەم وڵاتەیە، بۆ؟ چونکە لانیکەم تا ئێستا هیچ کەسێک نەیتوانیوە تۆمەتباری بکات بەوەی دەستی بەسەر بیرە نەوت و کێڵگەی نەوتدا گرتووە .

هیچ کەسێک بە سەرسەختترین نەیارەکانیشەوە تا ئیستا نەیتوانیوە تۆمەتباری بکات کە تەنانەت کۆمپانیایەکیشی هەبێت. ئەو هەموو قاچاخچییەتییەی لە سنوورەکانەوە دەکرێت، هیچ کەسێک لە رەخنەگران و نەیارانیشی نەیانتوانیوە بە درۆش بڵێن ناوبراو دەستی تێداهەیە.

کەواتە لۆژیک ئەوەیە ئەگەر کەسێک گەندەڵی بکات بۆخۆی دەی کات، کەس بە پیاوەتی گەندەڵی بۆ خەڵکی دیکە ناکات.

کەواتە جارێکی دیکە دەبێت بپرسینەوە ئەم هەموو هێرشە بۆچی دەکرێتەسەر ناوبراو؟

وەڵامە راستەکەی ئەوەیە، چونکە یەکەم: میدیای نییە خەریکی سپۆنسەرنییە. ئەگەر قوباد تاڵەبانیش وەک زۆربەی بەرپرسانی دیکە کۆمەڵێک میدیا و سۆشیالمیدیای هەبوایە ئەوە کەس نەیدەوێرا بە ئاسانی هێرشی بکاتەسەر، چونکە لەو حاڵەتەدا میدیاکانی ئەویش وەڵامی توندیان دەدایەوە و بەرپرسانی دیکەیان تۆمەتبار دەکرد و بەمەش بێدەنگی دەکردن.

دووەم: هێزی ئەمنی و تۆقاندنی نییە هەربۆیە دیواری کورتە و هەموو کەس دەوێرێت بوختانی بۆ هەڵبەستێت. بەڵام کێ دەوێرێت نەک بوختان بەڵکو رەخنەی جدی لە بەرپرسێک بگرێت کە هێزی ئەمنی و گروپی هەبێت؟ هەموومان دەزانن کە چۆن ئەو بەرپرسانەی هێزیان هەیە بە هەڕەشە پۆستی فەیسبوکیان بە رۆژنامەنووس و تەنانەت هاوڵاتییەکی ئاسایی سڕیوەتەوە.

ئەوەی بەلای منەوە سەیرە ئەوەیە بۆچی هەندێک رۆژنامەنووسیش بەشدارن لەم هەڵمەتی ناوزڕاندنەی قوباد تاڵەبانی، لەکاتێکدا چ لەناو حکومەت و چ لە زۆنی سەوزدا تەنیا کەسێک کە ئێستا بە هەموو هێز و توانایەوە داکۆکی لە رۆژنامەنووس و ئازادی رۆژنامەگەری دەکات قوباد تاڵەبانییە. لەم ساڵانەی دواییدا ئەو هەموو رۆژنامەنووسەی بە فەرمانی هەندێک بەرپرسی دیکە دەستگیرکرابوون هەمووی لەژێر فشاری قوباد تاڵەبانی ئازاد کران و سەربەست بوون. بەرپرسی کەناڵ هەیە دەستگیرکراوە بەڵام قوباد تاڵەبانی بە فشار ئازادی کردووە کەچی هەر رۆژێک دوای ئازادکردنی لە کەناڵەکەیەوە توندترین هێرش کراوەتەسەر قوباد تاڵەبانی.

قسەی کۆتایی   
من ناڵێم قوباد تاڵەبانی باشترین کەسە بۆ حکومڕانی لە هەرێم، بەڵام ئەوە دەڵێم کە ناوبراو لەناو هەموو ئەوانەی ئێستادا لە باشترین کەسەکانەو ئارامتر سیاسەت دەکات، چونکە لانیکەم هەندێک باوەڕ و پرەنسیپی هەیە، هەربۆیە لە جیاتی ناوزڕاندن و تەشهیرپێکردنی پێویستە پێگەی قوباد تاڵەبانی و کەسانی وەک ئەو بەهێز بکرێت.

 

رێبین عومه‌ر

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا